ماوه‌یه‌كه دوو گه‌نجی دھۆك بێ سەروشوێنن
K24 - دھۆك:
ماوه‌یه‌كه دوو گه‌نجی دهۆك بێسه‌روشوێنن و تا ئێستاش نه ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و پۆلیس، نه كه‌سوكاره‌كانیشیان هه‌واڵییان ده‌زانن، یه‌كێكیان ساڵێك زیاتره و ئه‌وی دیكه‌ش پێنج رۆژ ده‌بێت.
گه‌نجه‌كان به ناوی "شیمال ئه‌نوه‌ر ئه‌حمه‌د" و "سیداد سەگڤان ده‌رباز"، بێسه‌روشوێن بوونه، شیمال ساڵێك زیاتره له توركیاوه دوا په‌یوه‌ندی به ماڵه‌وه كردووه، هه‌رچی "سیداد"ـه، ماوه‌ی پێنج رۆژ ده‌بێت هیچ هه‌واڵێكی نییه.
شیمال، باوكی دوو منداڵە، ساڵێك پێش ئێستا، ئه‌و کاتەی هاوسه‌ره‌كه‌ی لە ماڵی باوکی بووه، ته‌له‌فۆنی بۆ دەکات و پێی دەڵێت، جارێ لە ماڵی باوکی بمێنێته‌وه تاکو لە گه‌شته‌كه‌ی دەگەڕێتەوە.
دێژین، کە ھاوسەری شیمالە دەڵێت: "ئەوە دوا پەيوەندی ته‌لەفۆنی بوو لەنێوان من و ھاوسەرەکەم، ئەو بە منی گوت لەگەڵ چەند برادەرێك گەشتێکی وڵاتی تورکیا دەکەم و دوای ھەفتەیه‌ک دەگەڕێمەوە، بەڵام وا ساڵێکیش تێپەڕی ھەر نەگەڕایەوە و ھیچ ھەواڵێکیشی نازانین".
دایکی شیماليش دەڵێت: "چاومان لەدەرگا و گەڕانەوەی شیمالە، گوێمان لە زەنگی مۆبایلە، بەڵام ھیچ ھەواڵێکمان بەدەست نەگەیشتووە و پۆلیسیش دەڵێن زانیاری‌یان لەسەر کوڕەکەیان دەست نەکەوتووە".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ماوه‌ی پێنج رۆژە گەنجێک بەناوی "سیداد سەگڤان ده‌رباز" کە خەڵکی شاری دھۆکە، بێ سەروشوێنە.
له‌و باره‌یه‌وه، ھێمن سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دھۆک بە کوردستان24ی راگەیاند، کەسوکاری "سیداد" لە پۆلیس سکاڵایان تۆمارکردووە و ئەوانیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کردووتەوە، پۆلیسەکانیش رۆژانە بەدوای کوڕەکەدا دەگەڕێن، بەڵام ھیچ زانیارییه‌کیان دەست نەکەوتووە.
سەبارەت بە دیارنەمانی شیمالیش، ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئاشکرایکرد، ئەوان لەو بڕوایەدان "شیمال" لە تورکیا بێ سەروشوێن بووبێت، چونکە لە جزیرەی باکووری کوردستانه‌وه دوا پەیوەندی بە کەسوکاریه‌وە کردووە.
ا. م