دڵشاد عەبدولڕەحمان وازی له‌هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح هێنا

تەنها ژمارەیەکی تری بێکاریگەر دەخاتە سەر لیستی هێزەکان

K24 - هه‌ولێر:

دڵشاد عەبدولرەحمان، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، له‌ نامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه‌، وازهێنانی خۆی له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ راگه‌یاند.

دڵشاد عه‌بدولره‌حمان، له‌ باره‌ی وازهێنانی له‌و نامه‌یه‌دا نووسیویه‌تی: "گەیشتمە ئەوقەناعەتەی ئەو ئامانجەی ئێمە هاوپەیمانیمان وەک قەوارەیەکی هەڵبژاردن بۆدروست کرد لەڕێگای ئەم هاوپەیمانیەوه‌ نایەتەدی".

له‌ درێژه‌ی نامه‌كه‌دا، دڵشاد عه‌بدولڕه‌حمان رایده‌گه‌یه‌نێت، بەردەوامبوونی ئەم هاوپەیمانیەش و بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان, تەنها ژمارەیەکی تری بێکاریگەر دەخاتە سەر لیستی هێزەکان و پەرتەوازەیی هێزە سیاسیەکانی کوردستانیش زیاتردەکات بەتایبەتی "لەزۆنی سەوز".

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "جگە لەگەیشتنی چەند کەسانێک بە پەرلەمان و یان وەرگرتنی چەند پۆستێک شتێکی دیکەی پێ نایەتە دی, کە ئەوە نەئامانجی من بوەو نەئێوەش لەکاتی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیدا".

دڵشاد عه‌بدولره‌حمان، كه‌ پێشر وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و راوێژكاری مه‌كته‌بیی سیاسی یه‌كێتی بووه‌، یه‌كێك بوو‌ له‌ ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌و نامه‌یه‌ وازهێنانی خۆی له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ راگه‌یاند.

پێشتر هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح، به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا كرد و توانی ته‌نها دوو كورسی له‌ په‌رله‌مانی داهاتووی عێراقدا به‌ده‌ست بهێنێت.

ا. م