لە رووداوێکی ھاتووچۆدا ژن و منداڵێك گیانیان لەدەستدا
K24 - دھۆك
مەسعوود محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە دھۆك رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو لە نزیك مینی مارکێتێك، لە سەنتەری شاری دھۆك لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا".
ئازاد تەها، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای دهۆك بە کوردستان24ی گوت: "کاتژمێر 12ی شەو لەناو شاری دهۆك نزیک پارکی پانۆراما ئۆتۆمبێلێك خۆی كێشا بە ژن و منداڵێك، ھەر ئەوكات ژنەكە گیانی لەدەستدا".
گوتیشی: "منداڵەكە بە سەختی برینداربوو، گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەڵام بەھۆی سەختی برینەكەی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ئەویش گیانی لەدەستدا".
بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی دهۆك ئاماژەی بەوەشكرد: "رووداوەكە بەهۆی تیژلێخۆرینی ئۆتۆمبێل روویداوە".
بەپێی زانیاریەکانی پەیامنێری کوردستان24، منداڵەکە ناوی یوسف ئەحەمەدە و تەمەنی 8 ساڵە و ھەڵگری وڵاتنامەی ئەمریكی بوو، ژنەكەش نەنكی منداڵەكە بووە. شوفێرەکەش ناوی نسرەت نێروەییە و یەكێكە لە راھێنەرە ناسراوەكانی لەشجوانی لە شاری دهۆك.