باندێکی عێراقی هاووڵاتیان بە پارەی سەددام فریو دەدەن

"دەیانەوێت دەست بەسەر ملیارەها دۆلاری سەددامدا بگرن"

K24- هه‌ولێر:

ماهیر رەشید، هاووڵاتییەکی شاری کەرکووکە و ژیانێکی ئاسایی دەژیا، تا چەند کەسێک لە خشتەی دەبەن بەوەی ئاگاداری دەکەنەوە کە بە ناوی ئەوەوە لە بانکێکی لوبنان بڕی 800 ملیۆن دۆلار دانراوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، سەددام حوسەین، سەرۆکی پێشووتری عێراق، ملیارەها دۆلاری لە بانکەکانی لوبنان بە ناوی جیاوازەوە داناوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەندێک لەو کەسانە مردوون، زانیاریان لەسەر نییە یان ناوێرن خۆیان بکەنە خاوەنی پارەکە، ئەو سامانەی سەددام بە بێ خاوەن لە بانکەکانی لوبنان ماونەتەوە.

باندێکی عێراقی دروستبووە، دەیانەوێت لە رێگای خەڵکی جیاوازی عێراقەوە، دەستبگرن بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا.

باندەکە دۆکۆمێنتی ساختە دروست دەکەن، پاشان پەیوەندی دەکەن بە خەڵکی جیاوازەوە و پێیان دەڵێن کە بە ناوی ئەوانەوە، ملیۆنەها دۆلار لە بانکی عەودەی لوبنان داندراوە.

ماهیر کاتێک چووە بەیروت تاکو پارەکەی وەربگرێت، بەهۆی بوونی دۆکۆمێنتی ساختە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت و ماوەی چوار مانگ لە زیندان دەمێنێتەوە.

ئەم رووداوەش وای لە بەرپرسانی لوبنان کرد، دەستبکەن بە لێکۆڵینەوە. ئەنجام توانیان ئەوە ئاشکرا بکەن، باندێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی بڕە پارەیەکی زۆری رژێمەکەی سەددام، چەندین هاووڵاتی عێراقیان ناردۆتە سەر ئەو بانکە و داوای راکێشانی ملیۆنەها دۆلاریان کردووە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی ماهیر، باندەکە خۆیان بزر دەکەن، بەڵام بە هەڵمەتی دەزگا ئەمنییە لوبنانی و عێراقییەکان، یەکێک لە ئەندامانی ئەو باندە دەستگیر دەکرێت.

باندەکە هەڕەشەی ناوزڕاندن و ساختەکردنی دۆکۆمێنتەکانی بانکەکەی لوبنانیان کردبوو، ئەگەر بێت ئەو بڕە پارەیەی دەیانەوێت دەستیان نەکەوێت.

ماهیر دەچێتە بانکەکە و دەڵێت من 800 ملیۆن دۆلارم لەم بانکە هەیە، کارمەندانی بانکەکەش داوای دۆکۆمێنتی لێدەکەن، بەڵام کاتێک وردبینی بۆ دۆکۆمێنتەکان دەکرێت، دەزانرێت کە ساختەن.

بە گوێرەی دۆکۆمێنتە ساختەکانی باندەکە، سەمیر حەنا، بەڕێوەبەری گشتی بانکی عەودە و فرێدی باز، بەڕێوەبەری بانکەکە، یەکی بڕی 400 ملیۆن دۆلاریان لە بانکەکە بۆ کەسێک سەرفکردووە.

ماهیر رەشیدیش ئەو کەسە بوو کە دۆکۆمێنتەکانی بەناوکرابوو تاکو پارەکە وەربگرێت.

پێشتریش ئەو باندە هاووڵاتی دیکەیان بۆ هەمان مەبەست بەکارهێناوە، لە ئێستادا، یەکێک لە ئەندامانی ئەو باندە دەستگیرکراوە و پۆلیس بە دوای دوو کەسی دیکەشدا دەگەڕێت.

بەڵگە ساختەکان   فۆتۆ: شەرقلئەوسەت
بەڵگە ساختەکان فۆتۆ: شەرقلئەوسەت

‌H.J