فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێم بۆردومان ده‌كه‌ن
K24- هه‌ولێر:
کاتژمێر ٦:٤٥ خولەکی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا لەیەک کاتدا دوو ناوچەی جیاوازی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومان کرد.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24 له ناوچه‌كه، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا لەڤەری برادۆست ناوچه‌کانی چیا کەوێت، بن دیوانه، گه‌لی خواکورک، خواکورک، گه‌لی ره‌ش، گەروی سنین و چیاكانی شه‌کیو و به شیکی چیادیلله‌یان لەسنوری شارەدێی سیدەکانی سەربەقەزای سۆران بۆردومانكرد.
وه‌ك په‌یامنێری كوردستان 24 ئاماژه‌ی پێدا، هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشه‌كانی سه‌ر ناوچه‌ی برادۆست، له سنووری شاره‌دێی قه‌سرێی سه‌ر به قه‌زای چۆمانیش، سنوری گوندەکانی دیلمان، قەڵات، وەسان و ماونان به‌چڕی كه‌وتنه به‌ر هێرشی ئاسمانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، بەهۆیەشه‌وە ئاگر له پاوان و دارستانه‌كانی دۆڵی باڵەیان كه‌وته‌وه.
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه، هێزه‌كانی توركیا هێرش و بۆردوامنه‌كانیان بۆ سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چڕ كردۆته‌وه، به‌و هۆیه‌شه‌وه ترس و نیگه‌رانی له‌ناو گوندنشینانی ئه‌و ناوچانه بڵاوبووه‌ته‌وه و خه‌ڵكی نا‌وێرن له ترسی بۆردومانه‌كان بچنه ناو ره‌ز و باخه‌كانیان و چه‌ندین گوندیش چۆڵكراون.
H.B