په‌یامێك له‌ سه‌رۆك بارزانی-یه‌وه‌

"وەک هەمیشە نموونەی باڵای کاری ڕێکخراوەیی و قوتابخانەی پێگەیاندنی کادیری چالاک و دڵسۆز بن"

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی لاوان کرد و دەستخۆشی لە ستافی پێشووی سکرتارییەتی یه‌كێتییه‌كه‌ ده‌كات.

سه‌رۆك بارزانی، له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، كه‌ له‌سه‌ر وێبسایتی فه‌رمی خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئامۆژگاری یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت: "لەسەر ڕێبازی نەوەکانی پێشووی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە نموونەی باڵای کاری ڕێکخراوەیی و قوتابخانەی پێگەیاندنی کادیری چالاک و دڵسۆز بن و لەسەر ڕێبازی پاکی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی بۆ گەل و وڵات بەردەوام بن".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

"بەڕێزان یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان

سڵاو و ڕێز

بەبۆنەی کۆتاییهاتنی کارەکانی کۆنگرەی هەشتەم، "کۆنگرەی پێشمەرگە"، پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوادارم لەهەموو بوارەکانی کاری داهاتوودا سەرکەوتوو و سەرفراز بن.

دەستخۆشیی لە ستافی پێشووی مەکتەبی سکرتارییەت دەکەم کە لە قۆناخێکی سەختدا زۆر دڵسۆزانە ئەرکەکانی خۆیان بەجێ هێنا و هیوادارم لە هەموو ئەرکێکدا بەوشێوەیە چالاک و سەرکەوتوو بن.

پیرۆزبایی لە ستافی نوێی هەڵبژێردراوی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتییەکەتان دەکەم و ئامۆژگارییان دەکەم لەسەر ڕێبازی نەوەکانی پێشووی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە نموونەی باڵای کاری ڕێکخراوەیی و قوتابخانەی پێگەیاندنی کادیری چالاک و دڵسۆز بن و لەسەر ڕێبازی پاکی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی بۆ گەل و وڵات بەردەوام بن.

هەر شاد و سەرفراز بن

مسعود بارزانی

١٠ـی٨ـی٢٠١٨"