كوردستان24 ئەو خانووە دەدۆزێتەوە كە یەكەم كۆنگرەی پارتی تێدا ئەنجامدرا

72 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان تێدەپەڕێت
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b3457e8a-7283-468d-a724-8dc462257ec0/barzani.ism/manifest

K24 - بەغدا

ئەمڕۆ 72 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان تێدەپەڕێت، تیمی کوردستان24 لە بەغدا دەچێتە خانووەكەی سەعید فەھیم حه‌وێزی، لە گەڕەکی ئەعزەمیە، کە یەکەم کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستانی  لە 16ی ئابی ساڵی 1946 تێدا بەڕێوەچوو، بەرپرسی لقی 5ی پارتی دەڵێت، مەلا مستەفای بارزانی ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتەکەیەوە بەغدای پایتەختی پێ گرنگ بووە بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی کورد.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16/8/1946 لە ماڵی سەعید فەھیم حه‌وێزی لە بەغدا بە سەرپەرشتی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و بە بەشداری 70 ئەندامی باڵا یه‌كه‌م كۆنگره‌ی نهێنی خۆی به‌ست، كە ئەوكات ناوی پارتی دیموكراتی كورد بوو، هه‌ر له‌و كۆنگره‌یه‌دا مەلا مستەفا بارزانی، به‌ یەکەم سکرتێری پارتی هه‌ڵبژێردرا.

ئیسماعیل مەندەلاوی، جێگری بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغدا دەڵێت: "لەكاتی بەستنی كۆنگرە 70 ئەندامی باڵای پارتی بەشداریان كردووە، لەوانە عەلی عەبدوڵڵا، حەبیب محەمەد كەریم، ساڵح یوسفی و چەندین ئەندامی دیكە، لەو خانووە لە بەغدا پەیڕەو پڕۆگرامی پارتیان داناوە، ھەروەھا ھەڵبژاردن كراوە بۆ یەكەم كۆمیتەی ناوەندی حزب، بە كۆی دەنگ مەلا مستەفا بارزانی بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ھەڵبژێردرا".

جگە لە کۆنگرەی یەکەم، پارتی هه‌ر له‌ به‌غدا كۆنگره‌ی دووه‌می له‌ ئاداری ساڵی 1951 له‌ ماڵی عەلی حەمدی لە باب موعەزەم و كۆنگره‌ی چواره‌میشی له‌ ساڵی 1959 له‌ ماڵی كاكه‌ زیادی كۆیی له‌ شه‌قامی كیفاح به‌ست، ئه‌مه‌ش بایه‌خی به‌غدا ده‌رده‌خات به‌لای پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌.

حوسێن فەیلی، کادری پێشکەوتووی پارتی لە بەغدا بە كوردستان24 گوت: "ئەو كاتەی یەكەم كۆنگرەی پارتی لە بەغدا دەبەسترێت، زۆربەی كوردانی فەیلی لە ماڵەكانیان ھێناوەتە نزیكی ئەو خانووە كە كۆنگرەی تێدا بەستراوە".

بە درێژایی مێژووی، پارتی دیموکراتی کوردستان پێگەی بەهێز و سەرنجی تەواوی خستووەتە سەر بەغدا و شارەکانی عێراق تاکو لەو رێگایەوە مافەکانی کوردستان دەستەبەر بکات.

شوان محەمەد بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغدا ئاماژە بەوەدەكات: "دەتوانین بڵێین وەك پارتی پێشەنگی پارتە سیاسییەكان بووینە لە عێراق داكۆكیمان لە دیموكراسی كردووە، لەوكاتەوە پارتی درووشمی پێكەوە ژیانی بەرزكردووەتەوە و باسی نەتەوەكانی دیكەی كردووە، رۆڵی مەلا مستەفا بارزانیش لە شەقامی عەرەبیدا گرنگ بووە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 لە شاری مەهاباد دامەزراوە و له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌میدا له‌ ساڵی 1953 له‌ كه‌ركووك ناوی له‌ پارتی دیموكراتی كورد بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان گۆڕا، تا ئێستا 13 کۆنگری بەستووە، ئێستاش کە سەرۆك بارزانی، سەرۆکایه‌تی پارتی دەكات خاوەنی گەورەترین پێگەی جەماوەری و زۆرترین کورسی پەرلەمانییە له‌سه‌ر ئاستی حزبه‌ سیاسییه‌كانی هەرێمی کوردستان و عێراق.