ئەمڕۆ پاڵەوانێتی تێنسی ئەمریکای کراوە دەستپێدەکات

گۆڕانکارییەکی گەورە لە شێوازی یاریکردنی پاڵەوانێتییەکە کراوە

ئەمڕۆ لە نیویۆرک پاڵەوانێتی گراند سلامی ئەمریکای کراوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 14 رۆژ بەردەوام دەبێت و تاکو رۆژی نۆی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
رافایل نادالی پاڵەوانی ساڵی رابردووی پاڵەوانێتییەکە و پێشەنگی ئێستای تێنسزانە پیشەگەرەکانی جیهان کە تاکو یاریی کۆتایی بەر نۆڤاک جۆکۆڤیچ و رۆجێر فێدرێر ناکەوێت، لە قۆناخی یەکەم رووبەڕووی داڤید فێدرێر دەبێتەوە.
نادال لەم پاڵەوانێتییە رووبەڕووی دۆخێکی نوێ دەبێتەوە، چونکە بۆیەکەمجار ئەمساڵ لە یو ئێس ئۆپن دەبێت لە ماوەی 25 چرکە تێنسزانەکان سێرڤەکانیان جێبەجێ بکەن، کە هەمیشە نادال لە جێبەجێکردنی سێرڤەکانی کاتێکی زۆری پێویستە، بەڵام رافا کە ئەمساڵ نازناوی رۆلان گارۆسی بەدەستهێنا لە ماستەرزی تۆرنتۆ بە سەرکەوتوویی ئەم تاقیکردنەوە نوێیەی تێپەڕاند و نازناوەکەی بەدەستهێنا.

نۆڤاک جۆکۆڤیچی 31 ساڵانیش دوای بەدەستهێنانی نازناوی وێمبڵدۆن و ماستەرزی سینسیناتی گەڕاوەتەوە ناو ململانێکان و ئەو تێنسزانە سڕبییە یەکێکە لە بەربژێرەکانی نازناوی ئەمساڵی فلاشینگ میدۆز.
نۆلێ کە ئێستا لە پلەی ششەمەی ریزبەندی باشترین تێنسزانانی جیهان دێت، پێش ئەم پاڵەوانێتییە بە بردنەوەی لە رۆجێر فێدرێر لە یاریی کۆتایی ماستەرزی سینسیناتی پڕۆڤەیەکی باشی بۆ بەشداریکردن لە ئەمریکای کراوە کرد.

رۆجێر فێدرێر گەرچی خاوەنی پێنج نازناوی ئەمریکای کراوەیە، بەڵام دە ساڵە نەیتوانی ئەم نازناوە بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەو تێنسزانە 37 ساڵانە دەیەوێت لە نیویۆرک ئەنجامێکی گەورە تۆمار بکات و جارێکی دیکە نازناوێکی دیکەی گراند سلام بەرز بکاتەوە.
رێگای فێدرێر و جۆکۆڤیچ بۆ گەیشتن بە فایناڵ سەختە، چونکە ئەگەر هەردوو تێنسزان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەوا دەبێت لە قۆناخی چارەکی کۆتایی یەکێکیان لەسەر ئەستۆی ئەوی دیکە بگاتە پێشکۆتایی.

خوان مارتن دێل پۆترۆ و ئالێکساندەر زڤێرێڤ و مارین سیلیچیش لەو تێنسزانانەن زۆرترین چانسیان هەیە بۆ ئەوەی بگەنە قۆناخەکانی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و ببنە ئەسپە رەشەکەی ئەمریکای کراوەی ئەمساڵ.