سەركردەكانی حەشدی شەعبی دژی عەبادی دەوەستنەوە

ھۆشداری دەدرێتە عەبادی

K24 - ھەولێر

سەركردەكانی حەشدی شەعبی دژی بڕیارەكەی عەبادی، لەبارەی دوورخستنەوەی فالح فەیاز، دەوەستنەوەو ھۆشداری لە تێكەڵكردنی ناكۆكییە سیاسییەكان دەدەن.

لە بەیاننامەیەكی ھاوبەشەدا، سەركردەكانی حەشدی شەعبی، رەخنەی توندییان لە بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گرت، لەبارەی دوورخستنەوەی فالح فەیاز، لە پۆستەكانی و ھۆشداریاندا لە بەردەوامی تێكەڵكردنی حەشد لە ناكۆكییە سیاسییەكان.

رۆژی پێنجشەممە 30/8/2018، بە بڕیاری عەبادی، فالح فه‌یاز لە ھەرسێ پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ده‌زگای ئه‌منی نیشتمانی دوورخرایەوه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌ میدیاییه‌كان، پێشتر فالح فه‌یاز، كه‌ سه‌رۆكی كوتله‌ی عه‌تا بووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن و له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نه‌سری عه‌بادی بووه‌، چه‌ند جارێك هۆشداری داوه‌ته‌ عه‌بادی و پێی راگه‌یاندووه‌، كه‌ ده‌بێت ئاگاداری میكانیزمه‌كانی بڕیاردان بێت له‌ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی گفتوگۆی پێكهێنانی كوتله‌ی گه‌وره‌ و حكوومه‌تی داهاتوو نه‌كات. هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌ عێراقییه‌كانیش باسیان له‌وه‌ كردووه‌، فالح زیاتر زیاتر له‌ نووری مالیكی، سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا نزیكتره‌ وه‌ك له‌ عه‌بادی و چه‌ند جارێكیش له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كانی كوتله‌ی عه‌تا، به‌ ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ی پێكردووه‌.

 ھ.م