نێچیرڤان بارزانی: با كاك فه‌رید رێگه‌نه‌دات سندووق له‌ سلێمانی دابنرێت

"هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌موو كوردستان ده‌كرێت"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری، رایگه‌یاند، پارتی بڕیاری هه‌ڵبژاردنی نه‌داوه‌، به‌ڵكو حكوومه‌ت ئه‌و بڕیاره‌ی داوه‌.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێران كه‌ له‌ باره‌ی لێدوانێكی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رده‌وه‌ بوو كه‌ پێشتر رایگه‌یاندبوو "ئه‌گه‌ر پارتی سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، با له‌ سنووره‌كانی خۆی ئه‌نجامی بدات"، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند، هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا له‌ هه‌موو كوردستان ده‌كرێت و گوتی: "با كاك فه‌رید رێگه‌ نه‌دات سندووق له‌ سلێمانی دابنرێت".

روونیشی كرده‌وه‌، پارتی بڕیاری هه‌ڵبژاردنی نه‌داوه‌، به‌ڵكو حكوومه‌ت ئه‌و بڕیاره‌ی داوه‌ و یه‌كێتییش به‌شێكی سه‌ره‌كی ئه‌و حكوومه‌ته‌یه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تا ئێستا كه‌س داوای له‌ حكوومه‌ت نه‌كردووه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت.

پێشتریش دڵشاد شه‌هاب، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ باره‌ی لێدوانه‌كه‌ی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد رایگه‌یاند، "فەرید ئەسەسەرد بە نەفەسی ئەوانە قسە دەكات كە دەیانەوێ كوردستان دابەشببێت و قسەكانی گوزارشت لە رای فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناكات و پێویستە یەكێتی وەڵامی بۆ ئەم قسانە ھەبێت".

 

ته‌واوی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی نێوان نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی و به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری