مه‌كگۆرك و سوله‌یمانی باڵی یه‌كتری ده‌شكێنن
K24 - هه‌ولێر:
پێده‌چێت به‌هۆی بوونی برێت مه‌كگۆرك، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ئه‌ركی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ پێكهێنانی كوتله‌ی گه‌وره‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی نوێی عێراق قورس‌تر بووبێت.
به‌رپرسێكی ده‌وڵه‌تی یاسای نووری مالیكی ده‌ڵێت: "قاسم سوله‌یمانی به زۆری له به‌غدای پایته‌ختی عێراقه و هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێك كه له تارانه‌وه نزیك بێت چڕكردووه‌ته‌وه‌و ده‌یه‌وێت كورسییه‌كه له‌ژیر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر و هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌ربهینێ و له بازنه‌ی ركابه‌ری وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته دووریبخاته‌وه".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا كه نه‌یویستووه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت ده‌ڵیت: "هه‌فته‌ی رابردوو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به سه‌رۆكایه‌تی جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی كراوه‌و ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده‌ی هێزه سیاسییه‌كان به‌شدارییان تێدا كردووه. له‌وانه سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌ك كراوه بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی میحوه‌ری وه‌ته‌نی و لایه‌نه كوردییه‌كان قایل بكرێن تا بێنه به‌ره‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا و فه‌تح بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "پاش تێپه‌ڕبوونی كاتژمێرێك له‌و كۆبوونه‌وه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی ئه‌نجامدراوه‌و پاشان به ئاماده‌بووانی گوتووه، تاران به‌رامبه‌ر لادانی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌ستی به‌ستراوه، به‌ڵام هه‌ر یه‌كه له فالح فه‌یاز و تارق نه‌جم كاندید ده‌كه‌ین بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی مالیكی گوتوویه‌تی: "نزیكبوونه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در له حه‌یده‌ر عه‌بادی زیاتر به‌هێزی كردووه‌و نایه‌وێت ده‌ست له پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران به‌ردات، هه‌ر چه‌نده ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه فراوانه‌ی به سه‌رپه‌رشتی سائیروون پێكهاتووه هێشتا كاندیده‌كه‌یان بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتوو ئاشكرا نه‌كردووه".
له‌ناو ئه‌و بارودۆخه‌دا برێت مه‌كگۆرك، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ده‌یه‌وێت سه‌رۆكوه‌زیرانێك دیاری بكرێت له تارانه‌وه نزیك نه‌بێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هه‌ڕه‌شه‌ی له چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی عێراقی كردووه كه سزای ئابووری به‌سه‌ر عێراقدا ده‌سه‌پێنرێ وه‌ك ئه‌وه‌ی له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان سه‌پێنرا. ئه‌گه‌ر تاران سه‌ركه‌وتوو بێت له دانانی كه‌سێك بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتووی عێراق له هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا و فه‌تح".
به‌رپرسێكی هاوپه‌یمانێتی نیشتمانی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی رایگه‌یاندووه: "ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ركرده سیاسییه‌كانی شیعه و كورد و سوننه‌ی ئاگاداركردووه‌ته‌وه كه نیگه‌ران و بێزارن له بوونی قاسم سوله‌یمانی له به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستوه‌ردانی تارانیش له كاروباری عێراق ده‌چێته خانه‌ی مه‌ترسییه‌وه‌و تا سه‌پاندنی سزای هاوشێوه‌ی ئێران به‌سه‌ر عێراقدا ده‌ڕوات".
هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه كه برێت مه‌كگۆرك چاوی به سه‌ركرده سیاسییه‌كان كه‌وتووه و ئاگاداری كردوونه‌ته‌وه كه پێویسته له پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقدا رێگه به ئێران و وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی نه‌درێت ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌ك بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران به‌سه‌ر عێراقدا بسه‌پێننن، چونكه ئه‌وه ده‌بێته هۆی درووستكردنی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاینده‌ی عێراق و ناوچه‌كه".
ئه‌و به‌رپرسه گوتوویه‌تی: "سائیروون و نه‌سر و حیكمه و نیشتمانی و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه له یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا كه بڕیاره ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 3/9/2018 ئه‌نجام بدرێت ده‌بنه گه‌وره‌ترین كوتله وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو رایانگه‌یاند و ئێرانییه‌كان ناتوانن حه‌یده‌ر عه‌بادی له پۆسته‌كه‌ی دووربخه‌نه‌وه و رێگه‌ی نه‌ده‌ن ببێته‌وه سه‌رۆكوه‌زیران".
سه‌رچاوه: عه‌ره‌بی پۆست