كچانی مووسڵ بیرەوەرییەكانی داعش دەسڕنەوە

داعش منداڵە کچەکانیشی ناچارکردبوو بەزۆر لەچک و نیقاب بپۆشن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دوای نەمانی خەلافەتەکەی داعش لە مووسڵ کچانی ئەو شارە یەکەم کەسن یاسا سەپێندراوەکانی داعش دەشکێنن. لەژێر دەسەڵاتی سەپێنداراوی داعشدا مەلەکردن و وەرزش و چوونە دەرەوەی ژنان قەدەخە بوو. ئێستا کچان روویان لە مەلەوانگەکان کردووە و دەیانەوێت رۆژانی ژێردەستەیی داعش لەبیرەوەریاندا بسڕنەوە.

دوای ئەوەی چەکدارانی داعش لە 10 حوزەیرانی 2014 دەستیان بەسەر موسڵدا گرت ھەموو وەرزشێکیان بۆ ژنان قەدەخەکرد لەناویشیاندا مەلەکردن. داعش منداڵە کچەکانیشی ناچارکردبوو بەزۆر لەچک و نیقاب بپۆشن.

راما عومەر، کچێکی تەمەن 12 ساڵەی دانیشتووی مووسڵە ئەو دەڵێ: "دوای کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ و گەڕانەوەمان بۆ شارەکە دەمانەوێ بە تەواوی جێدەستی داعش لە شارەكە بسڕینەوە". 

رامان دەڵێت: "خێزانەکەم ھانیاندام بۆ مەلەکردن. لەگەڵ باوکم چووم بۆ مەلەکردن. لەوێ لەگەڵ کوڕ و کچەکانی دیکە فێری مەلەکردنیان کردم. ھەفتەی یەکەم تەنھا راھێنان بوو. ھەفتەی دووەم زۆر زەحمەت بوو. ھەفتەی سێیەمیش ئاھەنگی دەرچوونمان بوو".

ھەرچەندە خەلافەتەکەی داعش نەماوە، بەڵام کاریگەری لەسەر بیروبۆچوونی خەڵکی مووسڵ داناوە و زۆرێك لە باوک و دایکان بە ئاسانی رێگە بە کچەکانیان نادەن بچنە مەلەوانگەکان.

ئەعزەم یونس، پیاوێكی دانیشووی مووسڵە ئاماژەی بەوەكرد: "سەرەتادا زۆرێك لە دایك و باوکەکان زۆر رەخنەیان لێدەگرتم کە چۆن کچ بێن بۆ مەلەکردن. بەڵام سوپاس بۆ خوا دوای دوو سێ رۆژ ھەر ئەو دایك و باوکانەی رەخنەیان لێدەگرتم کچەکانی خۆیان ھێنا بۆ راھێنان. سەرەتا تەنھا دوو کچەکەم لێرە بوون، بەڵام ئێستا ژماەریان زیاد بووە".

ئێستا نزیکە 40 کچ بەشدارییان لە خولێکی فێربوونی مەلەوانیدا کردووە. راھێنەرەکەیان دەیەوێت تیمێکی مەلەوانی کچانی مووسڵ پێ بگەێنێت و بۆ لە پاڵەوانیەتێەکاندا لە ناوخۆ و دەرەوە بەشداری بکەن.

ھ.م