"ئه‌ڵمانیا رێگه‌نادات كورد مه‌یدان له ئه‌ردۆغان بگرێت"
K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك له كورده‌كانی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا سه‌ركۆنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌رلین ده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێگه‌یان پێنه‌داوون له مه‌یدانی به‌رده‌م ده‌روازه‌ی براندنبۆرگ له ناوه‌ڕاستی شار خۆپیشاندان بكه‌ن و نه‌یارێتی خۆیان به‌رامبه‌ر سه‌ردانه چاوةڕوانكراوه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا بۆ ئه‌و وڵاته ده‌رببڕن.
عه‌لی ئارتان، سه‌رۆكی یه‌كێتی كۆمه‌ڵه كوردییه‌كانی ئه‌ڵمانیا، رۆژی دووشه‌ممه 17/9/2018 له به‌یاننامه‌یه‌كدا ته‌ئكیدیكردووه‌ته‌وه كه "رێگه‌گرتن له خۆپیشاندان له رۆژی 29/9/2018 له به‌رده‌م ده‌روازه‌ی براندنبۆرگ، ئاماژه‌یه‌كی نیگه‌رانكه‌ره له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران كه ده‌یانه‌وێت مافی پاڵپشتیكارانی دیموكراسییه‌ت له بیر بكه‌ن و له به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانڕه‌وایه‌كی "سه‌ركوتكه‌ر" بڕیار بده‌ن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "به‌شێكی شاره‌كه به‌شێوه‌یه‌كی توندوتۆڵ داده‌خرێت له پێشوازی ئه‌ردۆغاندا و فه‌رشی سووری بۆ راده‌خرێت له كاتێكدا كه‌س به هاتنی خۆشحاڵ نییه".
به‌ڵام پۆلیسی به‌رلین ئه‌و قسانه ره‌تده‌كاته‌وه‌و گوته‌بێژه‌كه‌یان به‌ناوی مایكل كاسن، گوتوویه‌تی: "ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندی به خۆپیشاندانه‌وه نییه، به‌ڵكو به‌بۆنه‌ی رۆژی نیشتمانی ئه‌ڵمانیا له‌و شوێنه ئاهه‌نگ به‌رێوه‌ده‌برێت، ئاماده‌كاری و رێكخستنی شوێنه‌كه بۆ ئه‌و ئاهه‌نگه‌یه نه‌ك ئه‌ردۆغان".
كاسن ده‌ڵێت: "داوامان له رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه كردووه یان گردبوونه‌وه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه یان شوێنێكی دیكه بۆ خۆپیشاندان ده‌ستنیشان بكه‌ن".
بڕیاره 27ـی ئه‌م مانگه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا به سه‌ردانێكی دوو رۆژه بگاته ئه‌ڵمانیا و سه‌ردانی مزگه‌وتێكی شاری كۆڵنیش بكات و له‌وێوه وتارێك پێشكه‌شی ره‌وه‌ندی توركی له‌و وڵاته بكات.