روحانی: پێویستە دەسەڵاتەكانی ئەمەریكا سنووردار بكرێن

"ھەركەسێك ھێزی ھەبێت دەتوانێت خۆی بەسەر جیھاندا بسەپێنێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حەسەن روحانی، سەرۆككۆماری ئێران بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ساڵانەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرەو ئەمەریكا بەڕێكەوت و لە فڕۆكەخانەی تارانەوە ھێرشی كردە سەر سیاسەتەكانی ئەمەریكا و رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتەكانی ئەمەریكا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سنووردار بكرێت. ئاماژەی بەوەشدا، ئەو كۆبوونەوە وەكو سەكۆیەك بۆ گەیاندنی ھەڵوێست و ستراتیژی ئێران بەكاردەھێنن.

روحانی گوتی: "گرنگترین پرس ئەوەیە كە بارودۆخی جیھان ئێستا بارودۆخێكی لەبار نییە، ئەمەریكا زیاتر لە ھەمووكات سیاسەتی تاكلایەنەی خۆی درێژە پێدەدات و پێیانوایە ھەركەسێك ھێزی ھەبێت دەتوانێت خۆی بەسەر جیھاندا بسەپێنێت".

گوتیشی: "ھەركەسێك مافی ڤیتۆی ھەبێت دەتوانێت لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا بڕیار بەسەر وڵاتانی دیكەدا بدات، پێویستە دەسەڵاتەكانی ئەمەریكا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سنووردار بێت".

ھ.م