له‌م وه‌رزه‌ ریال مه‌درید سوودمه‌ندی یه‌كه‌م بووه‌ له‌ سیسته‌می ڤار

ریال مه‌درید ئه‌م وه‌رزه‌ 4 جار سوودی له‌ ڤار بینیوه‌

ریال مەدرید ئەم وەرزە زیاتر لە هەموو یانەیەکی لالیگا سوودی لە تەکنەلۆجیای ڤار بینیەوە، شایانەکان دوای تێپەربوونی پێنج هەفتە لە یارییەکانی لالیگا، چوار جار سوودیان لە ڤار بینیوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سالانی رابردوودا گلەییەکی زۆر هەبوو کە ئەم یانەیە سوودێکی زۆریان لە هەڵەی ناوبژیوانان بینیوە.

ریال مەدرید یەکێک لەو یانانە بووە کە لە رابردوودا گلەیی ئەوەیان لێکراوە کە زۆرترین سوودی لە هەڵەی ناوبژیوانان بینیوە، بۆیە پێشبینی دەکرا بە هاتنی تەکنەلۆجیای '' ڤار '' ئەم یانەیە ئیتر ئەم چانسەی لەدەست بچێت و ببێتە زەرەرمەندترین، بەڵام بە پێچەوانەوە دوای کار پێکرنی تەکنەلۆجیایەکە، دەرکەوتووە کە شایانەکان سوودمەندترینن.

لە هەفتەی دووەمی لالیگا و لە یاری نێوان ریال مەدرید و گیرۆنا بوو کاتێک لە خولەکی 38 ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ مێرنگی ئەژمار کرد، بەڵام یاریزانانی بەرامبەر ئەم بریارەیان لاپەسەند نەبوو و داوایان لە خوان مارتینێزی ناوبژیوان کرد لە رێگەی ڤارەوە بریاری کۆتایی بدات، دواتر کە نابژیوان سەیری دیمەنەکەی کردەوە، دیار کەوت کە بریارەکەی درووست بووە.

هەر لەم یارییەدا و لە خولەکی 80 کەریم بێنزیما گۆڵی کرد، لەم دیمەنەدا یاریزانانی گیرۆنا پێیانوابوو کە هێرشبەری فڕەنسی لە کاتی گۆڵ تۆمار کردن لە ئۆفساید بووە، بەڵام بە سەیر کردنەوەی دیمەکەنە لە رێگەی ڤار، دەرکەوت کە گۆڵەکەی بێنزێما درووستە.

ئەمجارەیان لە گەڕی سێیەمی لالیگا و لە یاری بەرامبەر لێگانێس بوو کاتێک لە خولەکی و لە خولەکی 49 کەریم بێنزێما توانی گۆڵی دووەمی یانەکەی بکات، بەڵام ناوبژیوان گۆڵەکەی رەتکردەوە و بەم هۆیەوە داوا کرا کە دووبارە دیمەنەکە سەیر بکرێتەوە و دواتر ڤار دەریخست کە گۆلەکەی بێنزێما هیچ کێشەیەکی نیە.

دواجاریش لە یاری بەرامبەر ئیسپانیۆل بوو کە مارکۆ ئاسینسیۆ توانی لە خولەکی 42 تاکە گۆڵی یانەکەی بکات، بەڵام یاریزانانی بەرامبەر پێیانوابوو کە گۆڵەکە ئۆفساید بووە و بەم هۆیەوە ناوبژیوانیان ناچار کرد کە ڤار بەکار بهێنرێت و دواتر دەرکەوت کە گۆلەکە هیچ کێشەیەکی نیە.