ئەمەریکا دژی زیادبوونی هەژموونی ئێران لە عێراق دەکەوێتە جووڵە

"واشنتن رێگری لە پێکهێنانی حکوومەتێک دەکات کە میلیشیای ئێرانی دروستی بکەن"

K24 – هه‌ولێر:

جارێکی دیکە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەیەوێت کاریگەری ئێران لە عێراق کەمبکاتەوە و شکست بە هەوڵەکانی ئێران بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق بهێنێت.

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەنگ لەسەر پڕۆژە بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو دامەزراوە ئێرانیانە بدات "کە هەڕەشەکانی سەرعێراق زیاد دەکەن". ئەمەس لەکاتێکدایە، سیناتۆر دەڤید پێردیو و چەند سیناتۆرێک دیکە، پڕۆژە یاسایەکییان بۆ ئابڵوقە خستنە سەر دوو گروپی میلیشیای ئێرانی لە عێراق ئامادەکردووە.

ئادەم کینزینگەر، سیناتۆر و سپۆنسەری پڕۆژە یاساکە، رایگەیاند: "من شانازی بەوەوە دەکەم کە ئەو پڕۆژە یاسایەمان ئامادەکردووە و ئەمەش پەیامێکی بەهێزە کە ئێمە رێگەنادەین ئێران بە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، ناسەقامگیری دروست بکات".

پێشتر تێد پۆو و چەند سیناتۆرێکی دیکەی کۆمارییەکان،  پڕۆژە بڕیارێکی هاوشێوەیان گەڵاڵەکردبوو، بەڵام رەتکرایەوە.

سیناتۆر پۆو لە لێدوانێکی بۆ سایتی ئەلمۆنیتەر لەو بارەیەوە رایگەیاند: "پڕۆژەکەی من، ئابڵووقەی دەخستە سەر عاسئیب ئەهل ئەلهەق و حەراکاتی حزبوڵڵا، ئەوان دووانن لە میلیشیاکانی ئێران کە دەستیان بە خوێنی ئەمەریکییەکان سوورە".

لوقمان فەیلی، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە ئەمەریکا، پێیوایە ئەو هەوڵەی ئەمەریکا پێکهێنانی حکوومەتی لە عێراق سەختدەکات و کێشەی زیاتر دەخاتە نێوان لایەنگرانی ئەمەریکا و ئێران لە عێراق.

وادیارە کۆنگرێس پەشیمانە لەوەی پێشتر سزای چەند گروپێکی میلیشای ئێرانی لە عێراق نەداوەو ئێستا کە ئەو گروپانە بەشێکن لە پەرلەمان، کۆنگرێس دەیەوێت بکەوێتە خۆی. نیگەرانی ئەمەریکییەکان زیاتربوون دوای ئەوەی تەنها گروپی عاسئیب ئەهل حەق، توانی 15 کورسی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.

میکایل نایتس، ئەندامی باڵای پەیمانگای نیەر ئیست پاڵسی لە واشنتن، لەبارەی رۆڵی عەسائیب ئەهل هەق لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق رایگەیاند: "لانیەکەم، وەزارەتێک وەردەگرن. خراپترین شت ئەوەیە وەزارەتی داد وەربگرن".

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە تاکو میلیشاکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاوازبکات.

هێرشکردنە سەر چەند ناوچەیەکی نزیک لە  کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە بەسرە و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ناوچەی سەوزی بەغدا لە رێگای چەند مووشەکێک، ئەمەریکای توڕە کردووە و ئێرانیش بە پاڵپشتی ئەو هێرشانە دەزانێت.

سارا ساندێرس، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لەبارەی ئەو دوو هێرشە پێشتر گوتبووی: "ئێران هیچی نەکردووە بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە لەلایەن نێردراوەکانی لە عێراق کە پارە، راهێنان و چەکی پێشکەشکردوون. ئەمەریکا، ئێران بە بەرپرس دەزانێت لەئەگەری زیانگەیاندن بە هەر هاووڵاتی یان دامەزراوەیەکی ئەمەریکی لە عێراق".

پێش هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا، ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەدابوو کە ئێران مووشەکی بالیستیکی داوەتە میلیشیاکانی لە عێراق.

ئەو پڕۆژە یاسایەی ئێستا هەندێک لە سیناتۆرانی ئەمەریکا لە کۆنگرێس کاری لەسەردەکەن، ئەو گروپانە دەکاتە ئامانج کە سەر بە ئێرانن و لە عێراق و سووریا رۆڵی سیاسی و سەربازییان هەیە، بەڵام هێشتا روون نییە، ئەو هەوڵەی ئەمەریکا رێگری لە زاڵبوونی ئێران لە عێراق دەکات یاخود هاوشێوەی هەوڵەکانی پێشوو شکست دەهێنێت.

سەرچاوە: ئەلمۆنیتەر

H.J