سەرۆک بارزانی و مەکگۆرک پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق تاوتوێ دەکەن

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمەریکا کرد

K24 – هه‌ولێر:

بەمەبەستی باسکردنی دواین پێشهاتە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە برێت مەکگۆرک، نوێنەری سه‌رۆكایەتیی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی دژ بە داعش و دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، و ستیڤ فەیگن، سەرکونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر کرد.

هه‌ر لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكايه‌تی ئەمەریكا له‌ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و ئەو سەركەوتنەی بە گرنگ وەسف كرد و جەختی لە ڕۆڵ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كردەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سایتی فەرمی سەرۆک بارزانی، لەو دیدارەدا، "بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتەكان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كران".

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەو شاندەی ئەمەریکا لەکاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەستیپێکردووە و ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش راگەیندراوە.

H.J