تۆیۆتا 2.5 ملیۆن ئۆتۆمۆبیلی خۆی له بازاڕه‌كانی جیهان ده‌كشێنێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
كۆمپانیای تۆیۆتا بۆ درووستكردنی ئۆتۆمۆبیل رایگه‌یاند، 2 ملیۆن و 500 هه‌زار ئۆتۆمۆبیل له بازاڕه‌كانی جیهان ده‌كشێنێته‌وه، كه كێشه‌یه‌كى ته‌كنینكی له بزوونه‌ره‌كانیان سه‌ریهه‌ڵداوه.
كۆمپانیاكه راشیگه‌یاندووه، ژماره‌یه‌كی زۆر له كڕیارانی ئۆتۆمۆبیله‌كانیان گله‌ییان له ئۆتۆمۆبیله‌كانیان كردووه و ده‌ڵێن، له‌كاتی لێخوڕین له‌ناكاو بزوێنه‌ری ئۆتۆمۆبیله‌كانیان له‌كار ده‌وه‌ستن.
به‌گوێره‌ی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی كۆمپانیای تۆیۆتاش، ئه‌و جۆره ئۆتۆمۆبیلانه‌ی كه بڕیاره بكێشێته‌وه بریتین له: "Prius" ی به‌ناوبانگ، كه 1 ملیۆن و 250 هه‌زار ئۆتۆمۆبیلی درووستكراوى لقی كۆمپانیاكه له ژاپۆن، 830 هه‌زار ئۆتۆمۆبیلی درووستكراوی لقی ئه‌مه‌ریكای كۆمپانیاكه و 290 هه‌زار ئۆتۆمۆبیلی درووستكراوی لقی ئه‌روپا له‌خۆ ده‌گرێت.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، كۆمپانیای تۆیۆتا ئه‌و كێشه ته‌كنیكییه له‌سه‌ر حیسابی خۆی بۆ خاوه‌ن ئۆتۆمۆبیله‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات, هه‌روه‌ك پێشتر چۆن ئه‌و كێشه‌یه‌ی چاره‌سه‌ر كرد، كه له ئه‌فله‌نجه‌ی چه‌ند جۆرێكی ئۆتۆمۆبیله‌كانیدا سه‌ریهه‌ڵدابوو.
H.B