پەسەندكردنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن مشتومڕی لێدەكەوێتەوە

"دەبێ دوو لەسەر سێی ئەندامان واژووی لەسەر بكەن"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەپێی بڕیارە نوێیەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، پەسندكردنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن پێویستی بە ره‌زامه‌ندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیارانە، لەكاتێكدا بەپێی یاساكانی تایبەت بە كۆمسیۆن، ئەنجامەكان بە زۆرینەی دەنگ واتا 50+1 پەسند دەكرێت، ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانیش دەڵێت، بۆ دڵنیاكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان ئەو بڕیارەیان داوە. لە ئەگەری پەسندنەكردنی ئه‌نجامه‌كانیش، دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ كەیسەكە یەكلا ده‌كاتەوە.

جوتیار عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێشنیارێكمان واژووكردووە و بووەتە بڕیار، كە بۆ پەسندكردنی ئەنجامەكان دەبێ دوو لەسەر سێی ئەندامانی كۆمسیاران واژوو لەسەر ئەنجامەكان بكەن، ھەروەھا ھەر لایەنێكی سیاسی بۆی ھەیە تانە لەو بڕیارەی كۆمسیۆن بدات ئەگەر پەسند نەكرێ لەوكاتە دادگا یەكلایی دەكاتەوە".

ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە 3 ئەندامی پارتی و 2ی یەكێتی و 2ی گۆڕان و ئەندامێكی یەكگرتوو، ئەندامێكی كۆمەڵی ئیسلامی پێكدێت، بەپێی یاساكانی تایبەت بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان ئەنجامەكان بە زۆرینەی دەنگ واتا 50 +1 پەسند دەكرێن،  بەڵام لە دواساتەكانی شەوی پێش پرۆسەی دەنگدان، كۆمسیۆن بڕیارێكی دەركرد كە پەسندكردنی ئەنجامەكان پێویستی بە 2 لەسەر 3ی دەنگەكانە، بۆیە لە ئەگەری پەسند نەكردنی ئەنجامەكان لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە، دادگا دەتوانێی كەیسەكە یەكلا بكاتەوە.

ھەڵمەت غەریب، شارەزای یاسایی دەڵێت: "لە بەرامبەر پەسند نەكردنی ئەنجامەكان دەتوانرێت پەنا ببرێتە بەر دادگای تێھەڵچوونەوە و داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی بكرێت كە لە ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەرچووە كە دەبێ دوو لەسەر سێی ئەندامان لەسەر ئەنجامەكان رازی بن".

كۆمسیۆن ئێستا كار لەسەر سكاڵاكان و ئەو سندووقانە دەكات كە قردێلەی سووریان لێدراوە، ھەریەك لە پارێزگاكانی ھەولێر و دھۆك و ھەڵەبجە تەواوبوون، پارێزگای سلێمانیش خەریكە كۆتایی دێت، كۆمسیۆن رەتیدكردوەتەوە ھیچ سكاڵایەك فەرامۆش بكات و ئامادەیە وەڵامی ھەموو سكاڵاكان بداتەوە، تا لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی گرفتی پەسندكردن و نەكردنی ئەنجامەكانی بۆ دروست نەبێت.

ھ.م