هه‌لیكار له عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
عادل عه‌بدولمه‌هدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 9/10/2018 پێگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی كردووه‌ته‌وه و عێراقییه‌كان ده‌توانن له ماوه‌ی دوو رۆژدا داواكاریی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌ت له حكوومه‌تی نوێ پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكه پێشتر هاوشێوه‌ی نه‌بینراوه.
له سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كه پێشوازی له داواكارییه‌كان كردووه‌و تا پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی پێنجشه‌ممه 11/10/2018 به‌رده‌وام ده‌بێت.
كاتێك ده‌ست به پرۆسه‌ی تۆماركردن ده‌كه‌یت، پێگه‌كه داوای داخڵكردنی زانیارییه كه‌سییه‌كان ده‌كات جگه له ئاراسته‌ی سیاسی و ناوی پارته‌كه‌ی و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی حه‌ز ده‌كات ببێته وه‌زیر تێیداو خۆی بۆ كاندید ده‌كات.
هه‌روه‌ها كاندیده‌كه تواناكانی و بڕوانامه‌كه‌یشی ده‌بێت بنووسێت، پێش ئه‌وه‌ی هه‌موو زانیارییه‌كان بچه‌سپێنیت، شوێنێك بۆ نووسین دانراوه تا داواكاره‌كه له‌باره‌ی خۆیه‌وه بنووسێت و دیدگای خۆی روونكاته‌وه‌و گرنگترین كێشه‌كانی ئه‌و كه‌رته‌ی تایبه‌تمه‌نده به‌و وه‌زاره‌ته‌ی ئه‌و داواكاریی بۆ پێشكه‌ش كردووه بنووسێت و چاره‌سه‌رییه‌كانی بخاته روو.
هه‌روه‌ها بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر سه‌ركرده و وه‌زیری سه‌ركه‌وتوو و چۆنێتی ئیداره‌دانی تیمی سه‌ركه‌وتوو به‌شێوه‌یه‌كی كارا بخاته‌ڕوو، جگه له‌و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی كه‌سه‌كه هه‌یه‌تی و له كه‌سانی دیكه‌ی جیاده‌كاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاوی عادل عه‌بدولمه‌هدی روونبكاته‌وه.