سەرپەرشتیاری بزووتنەوەی كورد لە كەركووك دەستگیركرا

داوای كردبوو لە یادی 16ی ئۆكتۆبەر مانگرتن لە كەركووك رابگەیەندرێت

K24 - كەركووك

پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو ئەدھەم جومعە، سەرپەرشتیاری بزووتنەوەی مافی کورد لە كەركووك، لەلایەن ھێزە عێراقییەكان دەستگیركرا".

چەند رۆژێك لەمەوبەر ئەدھەم جومعە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە لە ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەر دژی داگیركاری و ئەشكەنجەدانی خەڵكی كەركووك مانگرتن لە شاری كەركووك رابگەیەندرێت.

زانیار جومعە، برای ئەدھەم، بە کوردستان24 ی گوت: "ئەو هێزەی هاتوونەتە سەر ماڵی براکەم هێزی دژەتیرۆری عێراقی بوونە و بەوتەی خۆیان بە فەرمانی دادگا هاتوون".

گوتیشی: "پێدەچێت دەستگیرکردنی براکەم پەیوەندی بەو بانگەشانەوە هەبێت کە چەند رۆژێکەوە بانگەوازی بۆ دەکرێت، داوایکردبوو لە ساڵیادی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و لەدژی دەسەڵاتی سەربازی لە شارەکە چالاکی مەدەنی ئەنجام بدرێ وهاووڵاتییان و دوکاندار و کاسبکاران مانگرتن رابگەیەنن".

زانیار جومعە، راشیگەیاند: "هەر ئازار و مەترسیەك کە رووبەڕووی براکانمان ببێتەوە ئۆباڵەکەی دەخەینە ئەستۆی ئەو هێزە سەربازییەی کە دەسیگیریکردوون، داواشی لە حزب و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەكەین، کە لە دژی کارە نایاساییەکانی ئیدارەی کەرکووك و بەرپرسانی سەربازی بێنە دەنگ و چیتر ئەو زووڵمەی دوای ساڵێك بەرۆکی خەڵکی گرتووە قبووڵ نەکەن".

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر تێدەپەڕێت، كە حكوومەتی عێراق بە ھاوكاری ژمارەیەك وڵاتی دراوسێی و چەند كەسێك لە حزبێكی سیاسی كوردستان كەركووكیان داگیركرد.