ئيسپانيا و ئيتاڵيا داوا له‌ به‌غدا ده‌كه‌ن كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌ولێر چاره‌سه‌ر بكات

گرنگە بۆ عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشبکات
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

تورکیا داواى لە عادل عەبدولمەهدی كرد، حکومەتەکەی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات، ئەم داوایەی تورکیا دوای ئەوە هات، هیچ تورکمانێك لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا نەبووە وەزیر. هاوکات ئیتاڵیا و ئیسپانیاش داوايان لە عادل عەبدولمەهدی كرد، پەلە بکات لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەولێر  و داواشيان كرد گرنگی تایبەت بە ناوچە وێرانکراوەکانی دەستی داعش بدرێت.

له‌و باره‌يه‌وه‌، باڵيۆزى ئيسپانيا له‌ عێراق، هانسى ئێسكۆبار، گوتى: هیوادارم بەڕێز عادل عەبدولمەهدی بتوانێت هەموو حکوومەتەکەی بە زووترین کات رابگەیەنێت، ئەو ئەرکی قورسی لەسەرشانە، بەڵام کەسێکی گونجاویشە بۆ ئەو ئەرکە، پێویستە گرنگی تایبەت بە چارەسەری کێشەکانی بەسرە بدات، هەلی کار بۆ عێراقییەکان دابین بکات بە تایبەتی گەنجان، دەبێت عێراقییەکان ئاشتبکاتەوە و چاکسازی ئەنجامبدات، گرنگە بۆ عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشبکات چونکە هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆر گرنگی سیاسی و ئابووری عێراقە و عێراقیش پێویستی بە سەقامگیرییە.

هه‌روه‌ها برونو پاسکینۆ، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق گوتى: وەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیوای زۆرمان بە حکوومەتی داهاتووی عێراق هەیە، عێراق سێهەم هەناردەکاری نەوتە بۆ ئیتاڵیا، پێویستمان بەوەیە پەیوەندی باشترمان لەگەڵ عێراق هەبێت، پێویستە عێراق دۆخی ئەمنی خۆی سەقامگیر بکات، بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی بیانی بێتە ئەم وڵاتە.

هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت کێشەکانیان بەپێی دەستوور چارەسەر بکەن، کوردستان و عێراق پێکەوە دەژین پێویستە متمانە بگێڕدرێتەوە بۆ هەردوو لا وەک ئیتاڵیا هیچ لایەک بەسەر ئەوی دیکەدا فەرز ناکەین دەمانەوێ لەگەڵ هەولێر و بەغدا پەیوەندیمان باشبێت.