كوردانی ئه‌ڵمانیا دژی هێزه‌كانی توركیا له‌ عه‌فرین گردبوونەوە

كوردستانیانی ئه‌ڵمانیا داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له‌ عه‌فرین ده‌كه‌ن
kurdistan24.net

K24 - بەرلین

کوردستانیانی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە گۆڕەپانی براندربۆرگ توری سەنتەری شاری بەرلین، خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیایان لە عەفرین کرد. داواشیان دەكەن ئیدارەی عەفرین رادەستی خەڵکی شارەکە بکرێتەوە و لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بپارێزرێن.

جیناڤ حوسێن، یەكێك بوو لە خۆپیشاندەران بە كوردستان24 گوت: "كوردانی دانیشتووی بەرلین كۆبووینەتەوە، بۆ پشتوانی لە عەفرین و كۆ بانێ و گرێ سپی، دەنگی خۆمان دەگەینینە جیھان، داوا دەكەین لەشكری سوپای سووریای ئازاد لەناو خاكی ئێمە بكشێتەوە".

ھەروەھا شێرۆ زێدان، بەشداربووێكی دیكەی گردبوونەوەی كوردان بوو لە بەرلین ئەو دەڵێت: "ئەو چالاكییە بەناوی كوردانی دانیشتووی بەرلین كراوەو پەیوەندی بە ھیچ پارتێكی سیاسییەوە نییە، زۆر لە حزب و رێكخراوەكان بەشداریان تێداكردووە، شەرمەزاری داگیركاری سوپای توركیا و گرووپە ئیسلامییەكان لە عەفرین دەكەین".

خۆپیشاندەران ئاڵای کوردستان و وێنەی بریندارانی بۆمبارانکردنی عەفرینیان بەرزکردبوەو داوای پاراستنی رۆژئاوای کوردستانیان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە دەکرد.

بێریڤان چیچۆ، بەشداربوویەكی دیكەی ئەو گردبوونەوەیە بوو بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە ھاتووین دەنگی خۆمان بگەیەنینە یەكێتی ئەوروپا و ئەمەریكا و بەریتانیا، بۆ ئەوەی كۆتایی بەو زوڵم و زۆرداریە لەسەر كوردان ھەڵگیرێت كە لە رۆژئاوای كوردستان دەكرێت".

ھ.م