لەسەر بانگهێشتی فەرمی حزبی شیوعی چین شاندێكی پارتی له‌ شانگهایه‌

چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌ توێژینه‌وه‌ییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجامداوه‌

K24 - هه‌ولێر:

هیوا ئەحمەد مستەفا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمی حزبی شیوعی چینی, بە نوێنەرایەتی ئه‌و حزبه‌ بەشداری له‌کۆنگرەی دیالۆگی نێوان حزبی شیوعی چینی  و پارتە سیاسیيەکانی وڵاتانی عەرەبی لە وڵاتی چین کرد.

لە میانەی کۆنگرەکەدا بە ئامادەبوونی گەورە بەرپرسانی حکوومی و سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە ژێر ناونیشانی (الإصلاح و للانفتاح اختیار الطریق و الإستفادة المتبادلة) بەڕێوەچوو, نوێنه‌ره‌كه‌ی پارتی وتاری حزبه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌.

هەر لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا شاندی پارتی بە جیا چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە بەشداربووەکان ئەنجامدا و دواتریش بە بەشداری شاندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ شاندی حزبی شیوعی چینی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا.

هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا، نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری پانێڵی (پەیمانگای شانگهای بۆ توێژینەوە و دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) کرد.

پانێڵەکە لەلایەن سەرۆکی پەیمانگای شانگهای و چەندین پسپۆڕی سیاسی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەنی چین و شاندی لایەنە سیاسیەکانی وڵاتانی عەرەبی بەشداربوون.

(وای جین) سەرۆکی پەیمانگاکە بە تێر و تەسەلی باسی لە سیاسەتی وڵاتی چین بەرامبەر بە وڵاتانی زلهێز و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی کرد.

لەلایەن خۆیەوە هیوا ئەحمەد مستەفا بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی پەیمانگای شانگهای کرد.

ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە باسیان لە بانگهێشتکردنی چەند سەنتەرێکی تایبەت بە شیکاری سیاسی لە عێراق و کوردستان کرد بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی شاری شانگهای بکەن.