نێچیرڤان بارزانی كاندیدی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌

"رۆڵی دەستپێشخەر و پێشەنگیی لە ژمارەیەک بەرەوپێشچوونی ستراتیژیی لە هەرێمی کوردستان هه‌بووه‌"

K24 - هه‌ولێر:

پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریدا، نێچیرڤان بارزانی، بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان كاندید بكرێت، پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ كارا ده‌كرێته‌وه‌.

پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی به‌ڕێوه‌چوو، گوته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا گووتی: "نێچیرڤان بارزانی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشنیاز كراوه‌و به‌ حوكمی ئه‌زموونی له‌ حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستاندا، پاش كاراكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌، ده‌بێته‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان".

پاش ئه‌وه‌ی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو، سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی قایل نه‌بوو واده‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ درێژ بكرێته‌وه‌و ده‌ستی له‌ پۆسته‌كه‌ هه‌ڵگرت، په‌رله‌مانی كوردستان ڕۆژی 29/10/2017 ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی به‌سه‌ر حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا دابه‌شكرد، ئه‌و پۆسته‌ به‌ به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه‌".

له‌ هه‌ڵبژاردنی رۆژی 30/9/2018 پارتی دیموكراتی كوردستان توانی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت و ببێته‌ خاوه‌نی 45 كورسی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌هێزترین كوتله‌ی په‌رله‌مان، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت فراكسیۆنی پارتی له‌گه‌ڵ كوتله‌ و لیسته‌كانی دیكه‌دا له‌ زووترین ده‌رفه‌تدا و پاش دیاریكردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، كار بۆ كاركردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات و نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان بكرێت.

نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بووه‌ له‌ كاره‌كه‌ی و له‌ چه‌ندین قۆناخی هه‌ستیاردا ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌تی له‌ ئه‌ستۆدا بوو.

به‌تایبه‌تی له‌ كاتی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر دوو ئیداره‌ی حكوومه‌ت و پێكهێنانی كابینه‌ی پێنجه‌م به‌ هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی توانی زه‌مینه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ و ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ی رابردوو بڕه‌خسێنێت و حكوومه‌ت بكات یه‌ك تیم. هه‌روه‌ها پاش رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 توانی رۆڵێكی كارا بگێڕێت و به‌شێكی زۆری قه‌یران و ئابڵۆقه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بشكێنێت كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عیراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ خرابوونه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی:

نێچیرڤان بارزانی لە مانگی حوزیران/یۆنیۆى 2014 بە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکرا و ڕابەرایەتی هەردوو کابینەی پێنجەم لە ماوەی نێوان 2006 تا 2009 و کابینەی حەوتەم لە 2012 تا 2014ى کرد، رۆڵی دەستپێشخەر وپێشەنگیی لە ژمارەیەک بەرەوپێشچوونی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان بینیوە.  

نێچیرڤان بارزانی، نەوەی ڕابەری نەتەوەیی کورد و دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆك مستەفا بارزانییە، لە ساڵی 1966 لە گوندی بارزان لە دایك بووە. كوڕی ئیدریس بارزانی یه‌ كه‌ سەرکردەیەکی پێشەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، کە ژیانی بۆ خه‌باتكردن لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەکانی میللەتی کورد ته‌رخانكرد.     

لە ساڵی 1975، نێچیرڤان بارزانی و خێزانەکەی، لەگەڵ دەیان هەزار کوردی عیراق، ڕۆیشتن بۆ ئێران بۆ ڕزگاربوونیان لە چەوسانەوەی ڕژێمی بەعسی عێراق. بە شوێنپێکەوتنی باوکی و باپیری، چالاکانە بەشداربوو لە کاروباری سیاسی کورد و بە خێرایی بە ناو پلەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرزبۆوە. لە کۆنگرەی دەیەم لە ساڵی 1989 بۆ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراو لە کۆنگرەكانی دواتر دووبارە هەڵبژێردرایەوە. 

لەساڵی 1996، بە جێگری سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دوا بە دوای هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێم لە ساڵی 1992 دامەزرێندرا. لە ساڵی 1999 بە سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا. لە ئاداری 2006، بۆ ڕابەرایەتی کردنی کابینەی پێنجەم هەڵبژێردرا، كە یەکەمین کابینەی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. هه‌روه‌ها جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستانیشه‌.  

نێچیرڤان بارزانی خاوەنی ژمارەیەک دەستپێشخەری ستراتیژی بووه کە ئامانج لێیان باشترکردنی ئاستی بژێوی و کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووریە لە هەرێمی کورستان. لە نێوانیاندا، گرتنەدەستی سیاسەتێکیی پتەوی سامانە سروشتیەکان، پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و ڕامیاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێکهێنانی ئابووریەکی پتەوی ناوخۆیی، پەرەپێدانی وەبەرهێنانی دەرەکی، بەرگریکردن لە مافی ئافرەتان، پەرەپێدانی خوێندنی بنەڕەتی و باڵا، ئاوەدانکردنەوەی تەواوی ژێرخانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تۆڕی کارەبا، بەرێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، نیشتەجێبوون و تۆڕی ڕێگاوبان. نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیاری سەرەکی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. خاوه‌نی روانگەى تایبه‌تن له‌ سیاسەتی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری، ئابووریی حکومەت بە ئامانجی بەرەو پێشبردنی ژیانی هاوڵاتیانی لە هەرێم، هەروەها پەیوەندیەکان لەگەڵ تورکیا و سیاسەتی نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کورستان. 

نێچیرڤان بارزانی هاوسەری نەبیلە بارزانییە و سێ کوڕ و دوو کچی هەیە. زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی پاراوە و زمانی عەرەبیشی باشە. خولیای شیعر و ئەدەبی کوردی و فارسیە.