سه‌رۆك بارزانى: كۆمەڵگەی كوردستانی هزری تیرۆر و ئینكار رەتدەكاتەوە

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا پرسه‌ جێ بايه‌خه‌كانى نێوان هه‌ردوولا تاوتوێكران

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی لوبنان و شاندی یاوەری كرد و لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی لوبنان سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد كە ئاسانكاریی تەواویان بۆ كۆمپانیا و هاووڵاتیانی لوبنانی فەراهەم كردووە و ئامادەیی وڵاتەكەیشی راگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەكانی نێوان هەردوولا و هەروەها هاوكاری و لەیەكنزیكبوونەوەی زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی لوبنان و هەرێمی كوردستان.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی لوبنان بە سەرۆكایەتیی جوبران باسیل وەزیری دەرەوەی لوبنان كرد.

یاوەرانی وەزیری دەرەوەی لوبنان، وەزیری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ژمارەیەك گەورە راوێژكاری حكوومەتی لوبنانی بوون.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی لوبنان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لەدژی تیرۆریستانی داعش لە سەرۆك بارزانی كرد و پێزانینی هەبوو بۆ قوربانیدانی خەڵكی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستان. هەروەها سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد كە ئاسانكاریی تەواویان بۆ كۆمپانیا و هاووڵاتیانی لوبنانی فەراهەم كردووە و ئامادەیی وڵاتەكەیشی راگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەكانی نێوان هەردوولا و هەروەها هاوكاری و لەیەكنزیكبوونەوەی زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی لوبنان و هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكانی نێوان هەردوولا نیشاندا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رووبەڕووبوونەوەی هزری تیرۆر و هەروەها قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و یەكترقبوڵكردن تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستەسەر فەرهەنگی دێرینی گەلی كوردستان كە بە هیچ شێوەیەك حەساسیەتی ئایینی ومەزهەبی و نەتەوەیی لە بەرانبەر پێكهاتەكان نییە و ڕایگەیاند كۆمەڵگەی كوردستانی هزری تیرۆر و ئینكار رەتدەكاتەوە.

لەبارەی بارودۆخی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی شەڕی داعش سەرۆك بارزانی رایگەیاند كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بووە.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.