ئێله‌گ زه‌رده‌كانی به‌سره‌ خۆپیشاندانه‌كانیان فراوانتر ده‌كه‌ن

خۆپیشانده‌رانی به‌سره‌ش به‌ هه‌مان پۆشاكی ئێله‌گ زه‌رده‌كانی فه‌ره‌نسا دێنه‌‌ سه‌ر شه‌قام
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

ھاوشێوەی خۆپیشاندانی ئێلەگه‌ زەردەكانی فەرەنسا، خەڵكی بەسرەی باشووری عێراقیش، لەدژی نەبوونی خزمه‌تگوزاری رۆژانه‌ و ھەلی كار و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، بە ھەمان پۆشاكه‌وه‌ دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە.

سەركەوتنی خۆپیشاندانی ئێلەگ زەردەكانی فەرەنسا، خەڵكی بەسرەی باشووری عێراقیشی ھاندا، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە ھەمان جلەوە درێژە به‌ خۆپیشاندانەكانیان بدەن.

بەدرێژایی چەندین مانگ، خەڵكی بەسرە، لەدژی نەبوونی كارەبا، ئاوی پاكی خواردنەوە، نەبوونی ھەلی كار و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی خۆپیشاندان ساز ده‌كه‌ن، حكوومەتی پێشووش چەندین بەڵێنی به‌ خۆپیشانده‌ران دا و لیژنەی جیاجیای پێكھێنا، بەڵام ھیچیان لێ به‌دی نه‌هات و به‌ڵێنه‌كان جێبه‌جێ نه‌كران.

ھەرچەندە حكوومه‌تی نوێش سەرەتای ته‌مه‌نیەتی، بەڵام خەڵكی ئەم شارە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، پێناچێت حكوومەتی تازه‌ له‌دایكبووش ھیچی بۆ بەسرە پێبێت، بۆیە درێژە بە خۆپیشاندانەكانیان ده‌ده‌ن.

لە چەند رۆژی رابردووشدا 7 خۆپیشاندەر لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران، ئەو ھێزانەی كە بشێوەیەكی بەربڵاو بە بەسرە و ناوچەكانی دەرووبەریدا بڵاوەیان پێكراوە و لەھەر جووڵەیەكی خەڵك كاردانەوەی توند دەگرنەبەر.

ئێلەگه‌ زەردەكان، ئێستا نەوەك تەنیا لە فەرەنسا و عێراق، لە ھەریەك لە ئەڵمانیا، بولگاریا، بەلجیكا و ھۆڵەنداش بوونیان ھەیە و لە ھەر ئەگەرێكدا ئامادەن بۆ خۆپیشاندان.

H.B