گه‌رمیان.. خانووێك رووخا و ئافره‌تێك گیانی لەدەستدا

خانووه‌كه‌ گڵ بووه‌

K24 - گه‌رمیان:

به‌هۆی رووخانی خانووێك له‌ گوندی كنگر ئاباتی سه‌ر به‌ شاره‌دێی جه‌باره‌، ئافره‌تێك گیانی له‌ده‌ستدا.

رائید جه‌مال قه‌دووری، گوته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان رایگه‌یاند، ئەمڕۆ چوار شەمە، 19ى كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018، لەگوندی کنگرئابات (ده‌كه‌وێته‌ نێوان هه‌ردوو شاره‌دێی كفری و جه‌باره‌) له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ سەر به‌ شاره‌دێی جەبارەیه‌، تەرمی ئافرەتێك گه‌یه‌نرایه‌ به‌شی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار كه‌ به‌هۆی رووخانی خانووه‌ گڵه‌كه‌یان گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

گوته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان راشیگه‌یاند، ئه‌و ئافره‌ته‌ ناوی (خه‌وله‌ فازڵ مه‌رضی)، له‌ دایكبووی ساڵی 1999یه‌، به‌هۆی بارانی به‌خوڕی چه‌ند رۆژی رابردوو، خانووه‌ گڵه‌كه‌یان رووخاوه‌ و ناوبراو كه‌وتووه‌ته‌ ژێره‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

ئاشكراشی كرد، ئافره‌ته‌كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌ و به‌ مه‌به‌ستی توێکاری تەرمەکەی هێنراوەتەپزیشکی دادوەری قەزای کەلار.

شاره‌دێی جه‌باره‌، سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قینه‌ و به‌ دووری 75 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكووری خۆرئاوای شارۆچكه‌كه‌.

ئ. م