"تره‌مپ گیانی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".

ره‌خنه‌ له‌ تره‌مپ ده‌گیرێت و مه‌ترسی بۆ تیمێكی تایبه‌تی سه‌ربازه‌كان درووستكردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

لە سەردانە چاوەڕرواننەکراوەکەیدا بۆ عێراق لەم هەفتەیەدا، سەرۆکی ئەمریکا وێنەیەکی زۆری لەگەڵ سەرباز و کاربەدەستانی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق گرت. بەڵام شارەزایان پێیانوایە دۆناڵد ترەمپ بەم کارەی پێشێلکاری کردووە و تیمێکی شاراوەی سەربازیی وڵاتەکەی ئاشکرا کردووە و بەم شێوەیە گیانی ئەم تیمەی خستووەتە مەترسیەوە.

سەربازەکانی ئەمریکی لە کەمپی ئەسەد لە رۆژئاوای بەغدا بەخێرهاتنێکی گەرمی سەرۆکی وڵاتەکەیان دۆناڵد ترەمپ دەکەن. ترەمپ و مێلانیای هاوسەری بە سەردانێکی چاوەڕرواننەکراو ئەم هەفتەیە سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ سەربازەکانی وڵاتەکەی کۆمەڵێک سێلفی و وێنە بگرێت.

ترەمپ پەسنی هەوڵی سەربازەکانی دا بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیانی ئەمریکی بەڵام رەنگە خۆی ئاسایشی ئەم کۆمەڵە سەربازەی خستبێتە مەترسییەوە چونکە وێنە و ڤیدیۆی سەربازەکانی بێ دەسکاری لەسەر ئەکاونتی تویتەری خۆی بڵاوکردەوە.

کۆمەڵێک راپۆرتی میدیاکانی ئەمریکی لەسەر بنەمای لێدوانی شارەزایانی سەربازی و دەژتیرۆر و ئاسایشەوە باس لەوە دەکەن، ترەمپ پرۆتۆکۆلی پێشێل کردووە و گیانی (سیل تیم  ڤایڤی) لە کەمپی ئەسەد خستۆتە مەترسییەوە.

سیل تیم  فایڤ، سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکایە کە شەڕی گەریلایی و ئۆپەراسیۆن دژی یاخیگەری ئەنجام دەدات. شارەزایان پێیانوایە ئەم هێزە بەردەوام لە سێبەردابووە و ئاشکراکردنی تیمەکە  لە زۆنێکی شەڕدا ئەگەر قەدەغەش نەبێت، بابەتێکی یەکجار ناپەسەندە.

بەڵام نووسینگەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەووە هیچ پێشێلکارییەک روویدابێت و جەختی کردەوە سەربازەکان بە ویستی خۆیان هاتوونەتە بەر زوومی کامێراکان و سێڵفیان لەگەڵ سەرۆک گرتووە.

شارەزایان باس لەوە دەکەن، دەرکەوتنی وێنە و ئاشکرابوونی ناسنامەی ئەندامانی تیمەکە زۆر مەترسیدارە ئەگەر بێت و بەدیل بگیرێن. ئەم زانیارییانە بەتایبەتی بۆ داعش و هەموو نەیارانی ئەمریکا لەوانەش هێزە سوورییەکان کە رووسیا پشتگیریان لێ دەکات و بەوردی لێکۆڵینەوە لەم تیمە دەکەن، گرنگن.

ئەوان دەڵێن، دەکرا وێنەی سەربازەکان بەشێوەی دیجیتاڵی بشێوێنرێت، هەروەک چۆن لە سەردانەکانی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا بۆ ئەمجۆرە تیمە نهێنییانە ئە كارە کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، شرۆڤەکارانی سەر بە کۆشکی سپی باس لەوە دەکەن کە ترەمپ هیچ نهێنییه‌كی ئاشکرا نەکردووە چونکە هەموو لایەک زانیاریی لەسەر ئەوە هەیە کە تیمی سیل فایڤ لە بەغدا جێگیر کراوە.

راپۆرت: له‌یلا حه‌مید