بە نھێنی دەنگ لەسەر وەزیری ناوخۆ دەدرێت

ھاوپەیمانی چاكسازیش سوورە لەسەر رەتكردنەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بۆ دەربازبوون لە كێشەی كاندیدی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ھاوپەیمانی بونیاد داوا دەكات، لە دانیشتنی داھاتووی پەرلەمان بەشێوازی نھێنی دەنگ لەسەر ناوی فالح فەیاز بدرێت، ئەگەر دەنگی پێویستیشی نەھێنا، ئەوا دەكرێت یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكان لەبری ئەو كاندیدبكرێت. ھاوكات هاوپەیمانێتی بونیاد ئامادەیی دەربڕیووە چەند پۆستێك بداتە هاوپەیمانێتی چاکسازی، لەبەرامبەر پەسندكردنی فەیاز.

بەقەد سووربوونی ھاوپەیمانی بونیاد لەسەر كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، ھاوپەیمانی چاكسازیش سوورە لەسەر رەتكردنەوە. دوو ھاوپەیمانێتییەكەش بە واتای سەرۆكی ھەردوو جەمسەرەكە دێت، ھادی عامری و موقتەدا سەدر.

لە سەرجەم دانیشتنەكانی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەبارەی پێكھێنانی حكوومەت، ناكۆكی قوڵ لەسەر فەیاز ھەبووە، ھەركاتێكیش ناوی ئەو وەك كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ دەھات، پەرلەمانتارانی چاكسازی دەچوونە دەرەوەی ھۆڵی پەرلەمان و رێژەیی یاسایی دانیشتنەكە دەشكێنرا.

ئێستا ھاوپەیمانی بونیاد لەسەر زاری  حسێن یەساری داوا دەكات، لە دانیشتنی داھاتووی پەرلەمان بەشێوازی نھێنی دەنگ لەسەر ناوی فالح فەیاز بدرێت و دەڵێت، ئەگەر  پەرلەمانتاران بە نھێنی دەنگیان لەسەر ناوی فەیاز دا و دەنگی پێویستی نەھێنا، ئەوا ناوەكەی دەگۆڕین و با یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكان لەبری ئەو كاندید بكرێت.

بەرای ئەو پەرلەمانتارە، دەنگدانی نھێنی گونجاوترین چارەسەرە بۆ ئەم كێشەیە و ھەموو كەسێك ئازادە دەنگ بە فەیاز دەدات یان نا، ھەروەھا لەكۆڵ بابەتی شكاندنی رێژەی یاساییش دەبینەوە.

ئا: فاروق محەمەد