هێزێك هه‌ڵیكوتایه سه‌ر ماڵی عه‌بادی
K24- هه‌ولێر:
هێزێكی سه‌ربازی هڵیكوتایه سه‌ر ماڵی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق له ناوچه‌ی سه‌وزی شاری به‌غدا و بۆماوه‌ی كاتژمێرێك ده‌رگاكانیان له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی داخست، پاشان هێزه‌كه ئه‌و شوێنه‌ی جێهێشت.
له‌مباره‌یه‌وه عه‌لی سنێد، ئه‌ندامی ئیئتیلافی نه‌سر، كه له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاست كرده‌وه و له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌و هێزه‌ی دوێنێ هه‌ڵیكوتایه سه‌ر ماڵی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌ر به عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراقه و، چه‌ند كاتژمێرێكیش دوای جێهێشتنی ماڵی عه‌بادی، دووباره گه‌ڕاونه‌ته‌وه و به عه‌بادی و هاوسه‌ره‌كه‌ی رایانگه‌یاندووه، "پێویسته ماڵه‌كه چۆڵ بكه‌ن".
وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی نه‌سر ئاماژه‌ی پێدا، "دواتر عه‌بادی و هاوسه‌ره‌كه‌ی گوازراونه‌ته‌وه بۆ "كۆشكی سندیباد" و شه‌وی خۆیان له‌وێ به‌سه‌ر بردووه، كاتێكیش عه‌بادی له گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی چووه ده‌ره‌وه جانتایێكی بچووكی به‌ده‌ستییه‌وه بوو".
سنێد گوتی: "له‌كاتی چوونه‌ده‌ره‌وه، ئه‌و هێزه سه‌ربازییه دڵنیایی داوه‌ته عه‌بادی، كه پێویست به نیگه‌رانی ناكات و هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ژیان و ئاسایشییان نابێت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و كات هاوسه‌ری عه‌بادی له حاڵه‌تێكی ده‌روونی ناجێگیردا بووه و داوای كردووه، ده‌ستبه‌جێ عێراق جێبهێڵن، له‌كاتێكدا سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو دانی به‌خۆیدا گرت و گوتنی "هه‌موو شتێك چاوه‌ڕوانكراو بوو" تاكه رسته بوو كه ئه‌و كات عه‌بادی ده‌ریبڕی".
سنێد دووپاتی كرده‌وه، "بۆیه ئه‌و هێزه هه‌ڵیكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی عه‌بادی، چونكه ئه‌و خانووه ته‌نیا بۆ نیشته‌جێبوون ته‌رخان كراوه، به‌ڵام عه‌بادی بۆ دیداره سیاسییه‌كانی به‌كاریده‌هێنا".
H.B