سوپای ئه‌مه‌ریكا له شه‌وی سه‌ری ساڵدا به‌هۆی تویتێك داوای لێبوردن ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌ی ستراتیژی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كه سه‌رپه‌رشتی چه‌كی ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته ده‌كات داوای لێبوردن ده‌كات، كه به‌هۆی سه‌ری ساڵی نوێ، له تویتێكدا رایگه‌یاندبوو: "ده‌توانین شتێكی گه‌وره‌تر له تۆپی گۆڕه‌پانی تایم له رێگه‌ی فڕۆكه‌كانمان هه‌ڵده‌ینه خواره‌وه".
ئه‌وه‌ش نیگه‌رانییه‌كی زۆری به دوای خۆیدا هێنا، به‌تایبه‌تیش ئه‌و فه‌رمانده‌ییه سه‌رپه‌رشتیاری چه‌كی ئه‌تۆمی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و مه‌به‌ستی هه‌ڵدانه خواره‌وه‌ی بۆمبی ئه‌تۆمه و وه‌ك "باڵاده‌ستی" خۆیان بڵاویان كردووه‌ته‌وه.
ساڵانه به‌بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێ، له گۆڕه‌پانی تایمی نیویۆرك ئاهه‌نگی تایبه‌ت سازده‌كرێت و له سه‌رووی تاوه‌ری كاتژمێره‌كه‌ش، تۆپێك به گڵۆپ رازاوه‌ته‌وه و له‌و تویته‌شدا، فه‌رمانده‌ییه‌كه بۆمبه ئه‌تۆمییه‌كانی به‌و تۆپه چوواندووه.
فه‌رمانده‌ییه‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر پێویست بكات ئێمه ئاماده‌ین بۆمبێكی زۆر گه‌وره‌تر له تۆپه‌كه‌ی گۆڕه‌پانی تایم هه‌ڵده‌ینه خواره‌وه".
له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی تویته‌كه‌ش، فڕۆكه‌یه‌كی بۆمبهاوێژی جۆری (بی 2)یان بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه بۆمبێكی هه‌ڵداوه‌ته‌وه خواره‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی زۆر ئاراسته‌ی ئه‌و تویته‌ی فه‌رمانده‌یی ستراتیژی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كرا، تویته‌كه‌یان ره‌شكرده‌وه و له‌جیاتی ئه‌وه‌ش پۆستێكی نوێیان بڵاوكرده‌وه و تێیدا ده‌ڵێن: "پۆسته‌كه‌ی پێشوومان به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێ گوزارشت له به‌هاكانی ئێمه ناكات. ئێمه داوای لێبوردن ده‌كه‌ین و پابه‌ندین به سه‌قامگیری ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی".
ئ. م