به‌هۆی ئیسرائیل داوای لادانی وه‌زیرێكی عێراقی ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
لێدوانێكی محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له باره‌ی بۆچوونی وڵاته‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین، بڕوای به دامه‌زراندنی دوو ده‌وڵه‌ت هه‌یه، مشتومڕی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه و داوای لادانی ده‌كرێت.
محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم، پێشتر باڵیۆزی عێراق بوو له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، بڕوای به‌وه هه‌یه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین، پێویسته دوو ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێت، راشیگه‌یاند، به‌غدا رۆڵێكی سه‌ره‌كی گێڕاوه له هه‌ڵكردنی ئاڵای ئیسرائیل له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
ئه‌و لێدوانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه، كاردانه‌وه‌ی توندی به دوای خۆیدا هێنا و هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسای نووری مالیكی، داوای كردووه رێكاری توند له دژی ئه‌و وه‌زیره بگیرێته‌به‌ر.
خه‌له‌ف عه‌بدولسه‌مه‌د، سه‌رۆكی فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا، سه‌رسووڕمانی خۆی له‌و لێدوانه ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، لێدوانی وه‌زیری ده‌ره‌وه، گوزارشت له رای گه‌ل عێراق و هێزه سیاسییه‌كان ناكات.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر لێدوانه‌كه شتێكی تایبه‌ت و كه‌سییه، پێویسته له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، راسته‌وخۆ له كاره‌كه‌ی دووری بخاته‌وه، ئه‌گه‌ریش په‌یوه‌ندی به هه‌ڵوێستی حكوومه‌ته‌وه هه‌یه، ده‌بێت به زووترین كات كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان بۆ كوتله سیاسییه‌كان ئه‌نجام بدرێت و هه‌ڵوێست وه‌ربگیرێت.
هاوكات حه‌سه‌ن شاكر، له هاوپه‌یمانی بنیاتنان، كه هاوپه‌یمانی فه‌تحی هادی عامری، ده‌وڵه‌تی یاسای نووری مالیكی و به‌شێك له هاوپه‌یمانی نیشتمانی تێدایه، داوای لێپێچینه‌وه له وه‌زیری ده‌ره‌وه ده‌كات به‌هۆی ئه‌و لێدوانانه و دووپاتیكرده‌وه، پێویسته په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و وه‌زیره.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش رایگه‌یاندووه، ئێستا هاوپه‌یمانی بنیاتنان، سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی واژۆی په‌رله‌مانتارانه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و وه‌زیره بپێچنه‌وه.
ئ. م