پارتی و یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه‌

شاندێكی پارتی ده‌چێته‌ سلێمانی

K24 - هه‌ولێر:

بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو، هه‌ردوو مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، تايبه‌ت به‌ پرسى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێ كۆببنه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتوون، كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ پرسی پێکهێنانى کابینەى نۆیه‌می حکوومەتى هەرێمى کوردستان.

مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ كوردستان 24ی راگه‌یاند، هه‌ردوو مه‌كته‌بى سياسى پارتى و يه‌كێتى كۆده‌بنه‌وه‌ و گفتوگۆكانيش تايبه‌ت ده‌بن به‌ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێ.

ئه‌مڕۆش مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى به‌ سه‌رپه‌رشتى كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لى، جێگرى يه‌كه‌مى سكرتێرى گشتى، كۆبووه‌وه‌ و لە كۆبونەوەكەدا پێشهاتەكانی كوردستان‌ و عێراق‌و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی‌ و لایەنەكانی ديكه‌، بەوردی تاووتوێكران و  گفتوگۆشيان له‌ باره‌ى پێكهێنانی كابینەی نوێى حكوومەت كردووه‌. 

زياتر له‌ سێ مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌ و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستیپێكردووه‌، ئه‌گه‌رچی به‌ هۆی پشووه‌كانی سه‌ری ساڵه‌وه‌، گفتوگۆكان راگیرابوون.

ئ. م