داعش ههڕهشه له گوندنشینانی خانهقین دهكات
K24 - گهرمیان:
چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی داودە ھاتوونەتە قەزای خانەقین و ھەڕەشەی كوشتن و چۆڵكردن لە گوندنشینانی سنوورەكە دەكەن.
فەرماندەیەكی پێشمەرگە له سنووری خانهقین ئاشكرای دەكات، ھاووڵاتییانی سنوورەكە داوایان لێكردوون ھێزی پێشمەرگە بیانپارێزێت، بەڵام دەڵێت: "تا وەزارەتی پێشمەرگە فەرمانمان پێ نەكات ناتوانین بگەڕێینەوە ناوچەكە".
لە ماوەی 10 رۆژی رابردوو چەکدارانی داعش 10 جار لەسنووری قەزای خانهقین ھێرشیان کردووەتە سەر گوندنشینان و پۆلیسی عێراق، ھاووڵاتییانی كوردی ناوچەکە داوای بەھاناوەچوونی بە پەلەی ھێزی پێشمەرگە دەکەن، بۆ ئەوەی سەرو ماڵیان پارێزراوبێت.
سهبارهت به داواكاریی گوندنشینانی قەزاكه، بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە بیانپارێزێت، فەرماندەیەكی پێشەرگە دەڵێت: "داعش كردەوەی تیرۆرستیى لە ناوچەكە زیادكردووە و لە ھەوڵی خۆڕێكخستنەوەدایە بۆ ئەوەی لە ناوچەكانی داودە و غەررە بەتەواوی خۆی بگوازێتەوە قەزای خانەقین، بەڵام بۆ گەڕانەوەی پێشمهرگه بۆ ناوچهكه، چاوەڕێی فەرمانی وەزارەتی پێشەرگە دەكەن".
لە سنووری گوڵاڵە و خانهقین زیاتر له 20 گوندی کورد و عەرەبی سووننە ناوچەکەیان بەتەواوی چۆڵکردووە، لهگهڵ زیادبوونی کردەوە تیرۆرستیيەکانی چەکدارانی داعش لە رۆژانی رابردوو، مەترسی زیاتری چۆڵبوونی ئەو گوندانەش دەکرێت کە هێشتا چۆڵ نهكراون.
ئ. م