له‌ په‌رله‌مانى عێراق كار بۆ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ريكا ده‌كرێت

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراقیش لەنێوخۆیاندا ناکۆکن
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا و بنکە سەربازییەکانیان، نەک تەنیا لایەنەکان بەڵکو لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراقیش لەنێوخۆیاندا ناکۆکن، بەشێک لە ئەندامەکانیان پێیانوایە، ئەو هێزانەی هەن، تەنیا راوێژکاری سەربازین و لە بنکە سەربازییەکانی عێراق لەگەڵ سوپا جێگیرکراون، لەبەرامبەردا بەشێکی دیکەیان داوا لە سەرۆک وەزیران دەکەن، ژمارەی سەرباز و بنکە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا رابگەیێنێت.

عەدنان ئەسەدی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری نووسراوێکمان لە بارەی ژمارەی سەربازانی ئەمه‌ریکی و بنکە سەربازییەکانیان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکمان بەدەستنەگەیشتووە.

لەبەرامبەریشدا، سەعران ئەعاجیبی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سوپاسالاری عێراق، پێیڕاگەیاندوون، هیچ بنکەیەکی سەربازی ئەمه‌ریکی لە عێراق نییە، بەڵکو راوێژکارانی ئەمه‌ریکا لە ناو بنکە سەربازییەکانی سوپای عێراق جێگیرکراون.

لەلایەکی دیکەوە هەوڵی لایەنە شیعەکان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان بە گشتی و هێزەکانی ئەمه‌ریکا بەتایبەت لەڕێگەی پەرلەمانەوە بەردەوامە، لە چەند رۆژی رابردووشدا، بەشێک لە پەرلەمانتاران جەختیانکردبووەوە، پڕۆژەیاسایەکیان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمه‌ریکا ئامادەکردووە.

له‌و باره‌يه‌وه‌، حەسەن سالم، ئەندامی کوتلەی سادقوون لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ دەرکردنی یاسایەک لە پەرلەمان دژ بە بوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق چڕکراونەتەوە.

گوتیشی: لە چەند کۆبوونەوەی داهاتوودا پڕۆژەیاسای دەرکردنی ئەمه‌ریکییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دەدرێت.

ئەو ئەندامەی کوتلەی سادقوون نیگەرانی لە بوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە ناو شارەکانی عێراق دەربڕی و رایگەیاند، هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە هەندێک پارێزگادا بە چەکی قورس دەسووڕێنەوە.