لە مووسڵ ھاووڵاتیان دەبنە پاسەوانی ماڵەكانیان
K24 - ھەولێر
دۆخی ئەمنی لە ناوچەكانی رۆژئاوای مووسڵ و بەدرێژایی رووباری دیجلە لە باكوورەوە بۆ باشوور، لە ئاستێكی خراپدایە و خەڵكی ئەو ناوچانە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە چەكدارانی داعش رۆژانە ھێرش و كردەوەكانی كوشتن و رفاندن ئەنجامدەدەن.
سوبحی مەحمود، دانیشتووی شارەدێی بادوش دەڵێ: "پێش ئێستا 5 سەربازی فیرقەی 20 كوژران، بە ماوەیەك دوای ئەوە موختاری گوندی تەلخێمە و دایكی و كوڕێكیان كوشتن، دواتر عیماد جەماس و دوو براكەیان بەھەمانشێوە كوشت، بەجلی سەربازییەوە ھاتن گوتیان ئێمە لە ھێزی ھەواڵگرین، ئافرەتەكانیان جیاكردەوە و پیاوەكانیان كوشتن و رۆیشتن".
بەھۆی نەبوونی ھێزی ئەمنی و سەربازی پێویست، خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان ئەركی پاراستنی ماڵەكانیان دەگرنە ئەستۆ، نیگەرانن لەوەی حكوومەت و رایدەگەیەنن كە ھێزە ئەمنی و سەربازییەكان بەھانایانەوە ناچن.
عەبدولحەكیم ئەمیر، یەكێكی دیكەیە لە دانیشتووی شارەدێی بادوش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "دۆخی ئەمنی زۆر خراپە، ھیچ پاڵپشتییەك لەلایەن حكوومەتەوە نییە، پارێزگاری ناوچەكە و گوندەكانی دەورووبەریشی، زۆربەی لەسەر شانی خەڵكە، سوێند بەخوا شەوانە ناوێرین بخەوین".
ئا: فاروق محەمەد