لە کەرکووک جێگۆڕکێ بە بەشێک لە هێزە عێراقیيەکان دەکرێت

لیوای 61ی تایبەتی سەر بە سەرۆک وەزیران لە کەرکووک جێگیر دەکرێن

K24 – كه‌ركووك:

لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 و داگیرکردنی کەرکووک، هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە سەنتەری کەرکووک، پۆلیسی فیدراڵ، لە دەرەوەی شار جێگیرکران، جگە لەو دوو هێزە دەیان هێزی دیکەش بەناوی گرووپی جیاجیاوە لە سنووری ئەو پارێزگایە جێگیربوون، دوای ئەو ماوەیە حکومەتی عێراق بڕیاریدا جێگۆڕکێ بە هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بکات، سەرەتا وابڵاوکرایەوە کە لە جێگەی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق،  لیوایەکی تایبەتی سەرۆک کۆمار جێگیر دەکرێن.

له‌و باره‌يه‌وه‌، سەنتەری راگەیاندنی ئەمنی ئەوەی رەتکردەوە و لە راگەیاندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە جێگەی ئەو هێزە لیوای 61ی تایبەتی سەر بە سەرۆک وەزیران لە کەرکووک جێگیر دەکرێن و ئەو ئەرکە تایبەتە جێبەجێ دەکەن کە پێیان سپێردراوە.

سەبارەت بە جێگۆڕکێی ئەو هێزانەش لە کەرکووک، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و ئەندامی ليژنەی ئاساییکردنەوەی باروودۆخی کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵڵا بەکوردستان24ی راگەیاند، ئەو گۆڕانکارییە ناچێتە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک، وەک هەندێک کەس شرۆڤەیان بۆ کرد، بەڵکو داواکاری کورد و ئەو وەفدەی کە لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی پێکهێنراوە، یەکێک لە داواکارییەکانی ئەوەیە، سەرجەم ئەو هێزانەی لە دوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە هاتوونەتە کەرکووک، بکشێنەوە و کۆتایی بە دۆخی سەربازی بهێنرێت.

ئاشکراشی کرد، لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو وەفدەی پارتی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتووگۆی ئەو بابەتە دەکەن و کۆبوونەوەی فراوان ئەنجام دەدەن.

گوتیشی: ئێمە سوورین لە سەر داواکاریيەکانی خۆمان و سازشیان لێناکەین.