وەرزش تێکەڵی سیاسەت ناکرێ.. دۆڕانەکەی عێراق بە نموونە

ئایا كه‌ته‌لۆنییه‌ك ده‌بێته‌ هانده‌ری ئیسپانیا؟

 کوردۆ شابان

دوای دۆڕانی هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی جامی ئاسیا بەرانبەر قەتەر و ماڵئاواییکردنی، خەڵکانێک هەبوون لە باشووری کوردستان، بە ناوی ئەوەی سیاسەت و وەرزش نابێ تێکەڵ بکرێ، هاندەری هەڵبژاردەی عێراق بوون، لە بەرانبەریشدا خەڵکێکی زۆریش بەو دۆڕاندنە خۆشحاڵییان دەربڕی و وەک شکستێکی دوژمن سەیریان کرد. عێراق لە ڕووی سیاسییەوە بەرانبەر کوردهەرچی بێت، چ پێوەندییەکی بە وەرزشەوەیە، بۆچی بە ڕۆحێکی وەزرشیانە مامەڵە نەکەین و دوور لە دەمارگیرییەکان، هاندەری ئەو هەڵبژاردەیە نەبین کە یاریزانی کوردیشی تێدایە؟

ئەم پرسیارە، ڕای زۆربەی ئەوانەیە، داکۆکییان لە هاندانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد کە سەرۆکی یەکێتییەکەی کوردە. لە بەرانبەردا، خەڵکانێکی زۆر، بە هەمان ئەو تەڵاقەی کە ئیدی لە دوای ڕیفراندۆمی مەزنەوە بە سێ بەرد بۆ عێراقیان نارد، بواری وەرزشیشی گرتەوە. من یەکێک بووم لەوان. پێش ئەوەی داکۆکی لە بۆچوونەکەی خۆم بکەم، پێویستە خاڵێک هەیە جیای بکەینەوە، ئەویش تێکەڵکردنی سیاسەت و تێکەڵکردنی نەتەوەیە لەگەڵ وەرزش. ئەوەی یەکەم، هەمیشە لەلایەن فیفاوە دژی دەوەستنەوە و هەوڵ دەدەن بە خاوێنی، دوور لە بارگاوی سیاسەت، وەرزش بهێڵنەوە، ئەگەرچی بە تەواوی تێکەڵی ئابووری و بازاڕ بووە و لە کۆتاییشدا، بزنس و سیاسەت دوو دیوی یەک دراون کە دەسەڵاتە و لێرەوە دیسان وەرزش ناتوانێ لە سیاسەت بێبەری بێت، بەڵام هەر دەبێ هەوڵ بدەین لێی دوور بخەینەوە.

 

نموونەیەکی خۆماڵی؛ لە کلاسیکۆی کوردستان، هاندەری هەولێریت یان سلێمانی؟ ئەگەر خەڵکی هەولێریت و هاندەری ئەو شارە بیت کە نیشتەجێی تێیدا، شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر لە ئەنجامی ئەوە بێت کە هەولێر زۆرینەی سەر بە حزبەکەی خۆتە و سلێمانی لە زۆن و حزبێکی ترە، بۆیە هانی ئەمیان یان ئەویان دەدەی، ئەوە ئیتر لە وەرزش دەچێتە دەرەوە و هەردوو یانەکە خۆشحاڵن هاندەری سیاسیی وەک تۆیان نەبێ. ئینجا با بچینە سەر کلاسیکۆی زەوی (ڕیال مەدرید و بارسێلۆنا) ئەو هاندەرەی شاری بارسێلۆنا بۆ یانەکەی، تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە خەڵکی ئەو شارەیە، بەڵکوو هۆکارێکی نەتەوەیی لە پشتە. ئەو هاندەرەکەتەلۆنییە و خۆی بە ئیسپانی نازانێ و لە ڕوانگەی نەتەوایەتییەوە، پێی خۆشە یانەی هەرە گەورەی نەتەوەکەی خۆی، بەسەر یانەی مەزنی نەتەوەی بەرانبەرسەرکەوێ.

پیپ گواردیۆلا، ڕاهێنەری پێشووتری بارسێلۆنا کە ژمارەیەکی زۆری ناسناوی بۆ یانەکە هێنا و پسپۆڕانی وەرزش پێی دەڵێن: ئەو ڕاهێنەرەی بەبێ ئەوەی مۆندیال ببینێ، دوو جامی بەدەست هێنا، ئاخر بە دانپێدانانی ڕاهێنەرەکانیان، یاریزانەکانی بارسا و قوتابخانەی پیپ، مۆندیالی 2010یان بۆ ئیسپانیا و ستایلی ئەو بوو، مۆندیالی 2014ی بۆ ئەڵمانیا هێنا. گواردیۆلا، لە کاتی هەڵمەتی ڕیفراندۆمی کەتەلۆنیا کە وەک سەربەخۆخوازێکی پشتیوانی گەورەی نەتەوەکەی بانگەشەی بۆ جیابوونەوە دەکرد، لە لێدوانێکدا گوتی: من بۆیە یانەی بارسێلۆنام جێهێشت، چونکە نەمدەویست تیمێکی بەهێزی دیکەش بۆ ئیسپانیا بهێنم و بەهۆی یاریزانانی نەتەوەی ئێمەوە، ئەوان چەند سەروەرییەکی تر بەدەست بێنن. ئایا گواردیۆلا لێرەدا، سیاسەتی کردووە یان خۆشەویستیی نیشتمانەکەی خۆی وای لێ کردووە؟ ئەوە گەمژەیی نییە بەو هەستە نەتەوەییانە بگوترێ سیاسەت؟

 

هیچ هۆڵەندییەک، ناتوانێ هاندەری ئەڵمانیا یان یانەیەکی ئەڵمانیا بێت، تەنانەت ئەو کاتەی ڕۆبن لە باشترین سەردەمی خۆیدا، بە ڕاهێنەرایەتیی ڤان خال، سەرکەوتن بۆ بایرن میونش بەدەست دەهێنن، چونکە لە جەنگی یەکەمی جیهانگرەوەدا، سوپای نازییەکان، بەشێکی زۆری وڵاتەکەیانی خاپوور کرد. پۆڵەندییەکانیش تەنیا ئەو کاتە هاندەری بایرنن، کە پۆدۆلۆسکی گۆڵ دەکات، ئەوانیش قەتڵوعامی وارسۆ لەبیر ناکەن.

 

ئینتیما بۆ نەتەوە، لە جوانترین تابلۆیدا، ئەو کاتەیە کە لە ئۆڵۆمپیاد یان مۆندیال و پێشبڕکێ وەرزشییەکان، یاریزانان نوێنەرایەتیی وڵاتەکەیان دەکەن یان هاندەران ئاڵای وڵات لە ستادیۆمەکاندا دەشەکێننەوە. کەس داوای لە هاووڵاتیی هیچ وڵاتێک نەکردووە، هانی وڵاتێکی تر بدات، ئەمە جیایە لەو هاندانەی بۆ یانەیەکی دەکەی، ئەویان ناچێتە قاڵبی نەتەوەوە، چونکە ناسناوەکان بۆ یانەکەن. ئاساییە ئیتاڵییەک هاندەری مانچێستەر بێت، فڕەنسییەک هاندەری یوڤێنتوس بێت.

 

بەداخەوە، کەسانێک بە دڵ و ڕاستگۆیانە، بڕوایان بە سەربەخۆییی کوردستان هەیە، کەچی لەژێر ئەو ناوەی دەبێ سیاسەت و وەرزش جیا بکرێتەوە، پێیان خۆش بوو هاندەری عێراق بن!

ئایا ئەرمەنێک و یۆنانییەک دەبنە هاندەری تورکیا؟ فەلەستینییەک دەبێتە هاندەری ئیسرائیل؟ ئەمازیغییەک دەبێتە هاندەری مەغریب و جەزائیر؟ کشمیرییەک دەبێتە هاندەری پاکستان و هیندستان؟ هۆنگ کۆنگییەک دەبێتە هاندەری چین؟ چینییەک دەبێتە هاندەری ژاپۆن؟ کاتێک ئیسپانیا مۆندیالی هێنا، ڕۆژنامەنووسێکی کەتەلۆنی لە کوردستان بوو، هاوڕێیەکم باسی کرد، گوتی پیرۆزباییم لێ کرد، بە توڕەیی پێی گوتم: ئایا کەتەلۆنییەک دەبێتە هاندەری ئیسپانیا؟

 

ئێمە ئەگەر خەڵکی سلێمانی بین، نابینە هاندەری هەولێر، خەڵکی دهۆک بین نابینە هاندەری زاخۆ، بەڵام شانازی دەکەین هاندەری عێڕاق، ئێران، تورکیا و سووریا بین! ئادەی لەو نموونانەی هێنامنەوە کە پابەندن بە نەتەوەی خۆیان و هەرگیز هانی داگیرکەرەکەیان نادەن، کامیان ئەنفال، کیمیاباران، بێناسنامەکردن، لەسێدارەی ڕۆژانە، تەعریب و تەبعید و گوندسووتاندنیان بینیوە، وەک ئەوەی ئێمەی کورد بەدەست داگیرکەرانمانەوە بینیومانە؟ ئەم هەستە ماندێلاییە چییە تیاماندا دروست بووە؟ ماندێلاش لە مۆندیالەکەی لای خۆیان کرا، هاندەری باشووری ئەفەریقا بوو، نە وڵاتێکی دراوسێ و نە وڵاتێکی دوور. وا باشترە بڵێین هەستێکی ترسنۆکانە و ملکەچانە بەرانبەر داگیرکەر.

 

سەرنجێک کە نابێ تێکەڵ بکرێ. داکۆکیکردن لە نیشتمان و ئاڵا و بەهای نەتەوەیی، تەنانەت لە وەرزشدا، مانای ئەوە نییە سووکایەتی و بەزاندنی سنووری ئەو بکرێ کە بە هەمان شێوە بەهای نیشتمانی خۆی هەیە و هەمان مافی هەیە ڕێز لە بەهاکانی خۆی بگرێ. وەک ئەوەی خوانەخواستە ئەگەر عێراق بیبردایەتەوە، ئاسایی بوو پیرۆزبایی لەو عێڕاقییانە بکەین کە ئیقامەیان لە کوردستان هەیە و نیشتەجێن.

 

لە مێژوودا، بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە، وەرزش لە هاندانێکی نەتەوەیییەوە بۆ بابەتێکی سیاسی لە چەندان سەردەمی جیاوازدا ڕۆیشتووە. تەنانەت مانوێل ڤاسکیز مۆنتلبان لە کتێبی "سیاسەت و وەرزش" کە ساڵی 1972 چاپی کردووە دەڵێ: چەپەکانی ئیسپانیا دژی وەرزشن، چونکە پارێزبەندەکان پشتیوانی دەکەن. ئەمەیە تێکەڵکردنی سیاسەت و وەرزش، وەک چۆن بە تۆپزی، مۆسۆلۆنی دوو مۆندیالی 1934 و 1938 کە مافی ئەرژەنتین بوون، لێی سەندن و ئەڵمانیا بە هەڕەشەکردنە سەر دادوەران، ئۆڵۆپیادی 1936ی بەدەست هێنا. یان ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا لە سەردەمی جەنگی سارددا کە بە تەواوی لە ئۆڵۆمپیادەکانی 1980 و 1984 ڕەنگی دابووەوە.. ئەمانەن تێکەڵکردنی سیاسەت و وەرزش، نەوەک دڵت بەو تیپە خۆش بێت کە پێرێ لەژێر هەمان ئەو ئاڵایەی دەتەوێ گۆڵ بکات، لە ئەبووغرێب لاشەی مردووی کوردیان دەرخواردی سەگ دەدا و دوێنێ کەرکووک و خوورماتوویان ئەتک کردبێ!.. برای کوردی چاوگەش.