یوڤێنتۆس له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی موهه‌نه‌د عه‌لی ركابه‌ری 7 یانه‌ی دیكه‌ ده‌كات

"یوڤێنتۆس رۆژی سێشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی موهه‌نه‌د عه‌لی ده‌ست به‌ گفتووگۆ ده‌كات"

موهەنەد عەلی رۆژ بە رۆژ بازاری گەرمتر دەبێت و دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە جامی ئاسیای ٢٠١٩ پێشکەشیکرد بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان یانەی یۆڤێنتۆس و کالیاری ئیتاڵی هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی لە یانەی شورتەوە بیگوازنەوە ریزەکانیان، تەنانەت یانەکانی گالاتەسەرای و فێنارباهچێی تورکی ئامادەن چەندان ملیۆن یۆرۆ بدەن بۆ ئەوەی میمی ببەنە ریزەکانیان.

رۆژ بە رۆژ بازاڕی موهەنەد عەلی، هێرشبەری عێراقی یانەی شورتە گەرمتر دەبێت و لە نوێترین دەنگۆدا، یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی چاوی بڕیوەتە تواناکانی ئەو هێرشبەرە.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، یانەی یۆڤێنتۆس پەیوەندی بە کریستیان میلی، بەڕێوەبەری کارەکانی میمی کردووە و وابڕیارە رۆژی سێشەممە کۆببنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی موهەنەد بکەن بۆ ریزەکانی یۆڤێنتۆس، کە میمی لە جامی ئاسیای ٢٠١٩ بە ئاستە بەرزەکەی بووەتە هۆی راکێشانی سەرنجی دەیان یانەی ئەوروپی و ئاسیایی.

موهەنەد عەلی کە لە جامی ئاسیا دوو گۆڵی کرد، جگە لەوەی ده‌نگۆی ئەوە بڵاوبووەوە یانەکانی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و ناپۆلی ئیتاڵی و گلاسکۆ رینجەرزی سکۆتلەندی گرنگی پێدەدەن، کۆمەڵێک یانەی ئەوروپی و عەرەبی بەفەرمی پەیوەندییان بە یانەی شورتەی عێراقی کردووە بۆ ئەوەی ئەو هێرشبەرە ١٨ ساڵانە ببنە ریزەکانیان.

یانەی گەلاتاسەرای تورکی ئۆفەرێکی بەبڕی دوو ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی یانە عێراقییەکە کردووە و یانەی فێنه‌رباهچه‌ی تورکیش داوای موهەنەدی کردووە و ئامادەیە زۆر لەم بڕە پارەیە زیاتر بە میمی بدات.

یانەی جێنکی بەلجیکی و کالیاری ئیتاڵیش ئامادەن لەپێناوی گواستنەوەی مەهەنەد نزیکەی ملیۆنێک یۆرۆ بدەنە شورتە.

ئاستە بەرزەکەی هێرشبەرە ١٨ ساڵانەکە خەریکە دەرگای خێر لەسەر یانەی شورتە دەکاتەوە، یانەی عەینی ئیماراتی داوای لە یانە عێراقییەکە کردووە موهەنەدی پێبفرۆشن و ئەوانیش ٨٠٠ هەزار یۆرۆ و %٢٠ی نرخی فرۆشتنی میمی لە داهاتوودا، لەگەڵ ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنان لە ئیمارات لەسەر ئەستۆی خۆی بۆ یانەی شورتە بکاتەوە.

یانەکانی دحیلی قەتەری و زەمالیک و ئەهلی میسری و ئەهلی سعوودیش لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی موهەنەد عەلی ببەنە ریزەکانیان، کە موهەنەد کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی شورتە کۆتایی دێت.

جامی نەتەوەکانی ئاسیای ٢٠١٩ دەرگایەکی گەورەی لە بەردەم میمی کردووەتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەو هێرشبەرە ١٨ ساڵانە لە دەستنیشانکردنی بژاردەکانی بەردەمی سەرکەوتوو دەبێت یان نا.