ئه‌نجوومه‌نى سوورياى ديموكرات داوا ده‌كات هه‌ولێر لايه‌نه‌كانى رۆژئاواى كوردستان له‌يه‌ك نزيك بكاته‌وه‌

ده‌توانێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی رۆژئاوای كوردستان رۆڵی خۆی بگێڕێت
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ریاز ده‌رار، هاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات، بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان دۆستی نزیكه‌ی ئه‌وانه‌ و ده‌توانێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی رۆژئاوای كوردستان رۆڵی خۆی بگێڕێت و سه‌رپه‌رشتی رێككه‌وتنێكی نوێ بكات، هاوشێوه‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێر.

ره‌وشى رۆژئاواى كوردستان به‌ هۆى هه‌ڕه‌شه‌كانى توركيا و پلانى كشانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا و رێككه‌وتنى سێ قۆڵى ئێران و رووسيا و توركيا له‌ لايه‌ك و هه‌وڵه‌كانى به‌شار ئه‌سه‌د بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپاكه‌ى بۆ ناوچه‌كه‌، له‌به‌رده‌م مه‌ترسيدايه‌.

له‌ نوێترين پێشهاتدا ئه‌نجوومه‌نى سوورياى ديموكرات داوا ده‌كات، جارێكى ديكه‌ هه‌رێمى كوردستان رۆڵ بگێڕێت بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشته‌وايى نێوان لايه‌نه‌كانى رۆژئاواى كوردستان و گه‌يشتنيان به‌ رێككه‌وتنێكى نوێ.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ باسی كاراكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌ده‌نه‌ی نێوان توركیا و سووریا ده‌كرێت و له‌م رووه‌شه‌وه‌ به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان مه‌ترسی خۆیان نیشان داوه‌ و به‌شێكییشیان پێیان وایه‌، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان توركیا و سووریا نایاساییه‌ و ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ كارا بكرێته‌وه‌، شه‌ڕێكی گه‌وره‌ رووده‌دات.