عێراق بە هەرزانتر نەوت دەداتە ئوردن

سەرۆک وەزیرانی هەردوو وڵات رێککەوتن

 K24 – هه‌ولێر:

دوێنی شەممە 02/02/2019، لە رێوڕەسمێکدا، عێراق و ئوردن ناوچەیەکی پیشەسازیان لە سنوورەکانیان کردەوە.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و هاوتا ئوردنیەکەی، عومەر عەزیز، ئامادەی رێوڕەسمەکەبوون و یەکەمجارە دوای جەنگی داعش و پاککردنەوەی سنوورەکان لە چەکدارانی ئەو رێکخراوە، عێراق و ئوردن سنوورەکانیان بە رووی یەکدا دەکەنەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی Associated Press، عێراق و ئوردن رێککەوتن، بەغدا رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخێکی کەم بداتە ئوردن.

لای خۆیەوە وڵاتی ئوردنیش، هەزار و 300 شوێنەواری دزراوی دایەوە عێراق کە هێزە ئەمنییەکان لە دەست قاچاخچیەکان رزگاریان کردبوون، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتووشدا، ئوردن دەست دەکات بە دابینکردنی کارەبا بۆ عێراق.

ئوردن یەکێک بوو لەو وڵاتە عەرەبییانەی بە هێرشی ئاسمانی بەشداریی جەنگی دژ بە داعشی کرد و بەهۆشیەوە، فڕۆکەوانێکی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە، سووتێنرا.

H.J