بەغدا ھێزێكی دیكە رەوانەی كەركووك دەكات

ئه‌ركی دژه‌ تیرۆر له‌ كه‌ركووك كۆتاییهات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەرکی دژە تیرۆری عێراق، لە کەرکووك کۆتاییھات و لە شوێنی ئەوان لیوای 61ی سەرۆکوەزیران دەستبەکاربوو، دانیشتوانی كەركووك ئەزموونی تاڵی رابردوویان لەگەڵ ئەو ھێزانە باسدەکەن و پێشیانوایە ئەو ھێزەی ھاتووە ھیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا نییە، جێگۆڕکێی ھێزەکانیش بە چارەسەری کێشەی ئەمنی نازانن، به‌ڵكو گەڕانەوەی پێشمەرگە بە زامنی پاراستنی پێکھاتەکان دەزانن.

ھێزە تایبەتەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرپرسەکەی عەرەبێکی شیعەیە و لە سەردەمی نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق درووستکراوە، ھەر بۆیە چاوەڕوان ناکرێت لە رووی سیاسیی و ئەمنییەوە گۆڕانکاری ئەوتۆ دروست بکات.

لیوای 61ی سەرۆکوەزیران، لە 5 فەوج پێكھاتووە، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 دوو فەوجیان گەیشتوونەتە كەركووك و لە دوو رۆژی داھاتوودا ئەوانی دیکەش دەگەن. ھەریەك لە بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووك گەرمیانی پارتی و کەی وەن و بارەگایەکی پێشووی یەکێتی لە گەڕەکی واست جێگیر دەبن و مەلەفی ئەمنی کەرکووکیان لە دەست دەبێت.