حیزبوڵڵای عێراقی وه‌ڵامی تره‌مپ ده‌داته‌وه
K24- هه‌ولێر:
كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵڵای عێراقی وه‌ڵامی لێدوانه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌داته‌وه و به راگه‌یاندنێكی راشكاوانه بۆ داگیركردنی خاكی عێراق وه‌سف ده‌كات.
به‌گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان، محه‌مه‌د محی، وته‌بێژی كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵڵای عێراقی له لێدوانێكدا وه‌ڵامی تره‌مپی دایه‌وه و دووپاتیكرده‌وه، "ئامانج له مانه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی میحوه‌ری به‌ره‌نگارییه".
محی جه‌ختی كرده‌وه، "لێدوانه‌كه‌ی تره‌مپ راگه‌یاندنێكی راشكاوانه‌یه بۆ داگیركردنی خاكی عێراق و قۆناغێكی نوێی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ میحوه‌ری به‌ره‌نگاری".
ئه‌مرۆ له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "سی بی ئێس نیوز"ـی ئه‌مه‌ریكی تره‌مپ ئاشكرایكرد، واشنتۆن به نیاز نییه هێزه‌كانی له عێراق بكشێنێته‌وه و گوتی: "ئه‌مه‌ریكا بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی زۆر گه‌وره‌ی له عێراق هه‌یه، ده‌كه‌وێته شوێنێكی زۆر نموونه‌یی بۆ بینین و چاودێریكردنی سه‌رانسه‌ری ناوچه ئاڵۆزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هێزه‌كانمان له عێراق ده‌هێڵینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چاودێری ئێران بكه‌ن".
H.B