ئێران چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازیی نمایش دەكات

"زیاتر لە 500 جۆر چەک و بەرهەمی جۆراوجۆری سەربازیی لە پێشانگاكەدا ھەن"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە تاران پایتەختی ئێران پێشانگای چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سەربازییەکانی ئێران کراوەتەوە، كە تێیدا 500 جۆر چەک و کەلوپەلی سەربازی و لەوانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەندین جۆر مووشەک نمایش کراون. لەسەر یەکێک لە مووشەکەکانیش بە نووسراوێک هەڕەشەی لە ناوبردنی ئیسرائیل کراوە.

لە تارانی  پایتەختی ئێران پێشانگای بەرهەمە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەم وڵاتە بە رووی هاووڵاتیاندا کرایەوە. لەو پێشانگایەدا زیاتر لە 500 جۆر چەک و بەرهەمی جۆراوجۆری سەربازیی و لەوانەش چەندین جۆری مووشەکی دوورهاوێژی بەرهەمی ئێران نمایش کراون. دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن، ئەو چەکانە تەنیا بە مەبەستی بەرگریکردن لە وڵاتەکەیانە و هەر بۆیەش پەرەپێدانی هێزی سەربازیی بە مافی خۆیان دەزانن.

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام هۆشداری دەدەن کە هەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەیان بە توندترین شێوە وەڵام دەدەنەوە. بەشێک لە خەڵکی ئێرانیش پێیان وایە ئێران بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بەو جۆرە چەکانەیە.

لەسەر یەکێك لەو مووشەکانەی لەو پێشانگایە نمایش کراون هەڕەشە کراوە کە ئەگەر ئیسرائیل هەر هەڵەیەک بەرامبەر بە ئێران بکات ئەوا تەلئەبیب و حەیفا لە ناو دەبەن. لە بەرامبەریشدا رێبەرانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەڵێن، رێگا بە ئێران نادەن بەرژوەندییەکانیان بخاتە مەترسییەوە.

لەگەڵ توند بوونی لێدوانەکانیش، حکوومەتی ئێران بەردەوامە لە تاقیکردنەوەی مووشەکی و مانۆڕی سەربازیی و کردنەوەی ئەو جۆرە پێشانگایانە و بەم شێوەیەش پایتەختی ئێران تا دێ زیاتر رەنگی سەربازیی بە خۆیەوە دەگرێت.