لايه‌نه‌ شيعه‌كان كار بۆ ده‌ركردنى سوپاى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق ده‌كه‌ن

5 هەزار و 500 سەربازی ئەمه‌ریکا له‌ عێراقدان
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، 5 هەزار و 500 سەربازی ئەمه‌ریکا لە 7 بنکەی سەربازی لە پارێزگاکانی باشوور، رۆژئاوا و ناوەڕاستى عێراق جێگیرکراون، کە بەپێی رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغدا، ئەرکیان مەشق و راوێژ پێدانە بە هێزەکانی عێراق، هەروەها پشتیوانیکردنیان لە شەڕی دژ بەتیرۆر و پڕچەککردنی سوپاى عێراقه‌.

لە دوای لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمه‌ریکا، لەبارەی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، لایەنە شیعەکان داوا دەکەن، لە وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمان، لە رێگەی یاسایەکەوە کار بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق بكرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا، ئامادە نییە هێزەکانی وڵاته‌كه‌ى لە عێراق بکشێنێتەوە و بیانووەکەشی چاودێریکردنی جموجۆڵی هێزەکانی ئێرانە لە ناوچەکە.

سەرەڕای بوونی رێککەوتنێکی سەربازی لە نێوان واشنتن و بەغدا کەچی شیعەکانی عێراق دەرکردنی هێزەکانی ئەمه‌ریکا بە یاسایەک لە پەرلەمان و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت بە ئەرکێکی سەرەکی وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمان دەزانن.

ئاماژە بەوەشدەدەن، لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمه‌ریکا لەبارەی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، رووی راستەقینەی بوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکای لەو وڵاتە دەرخستووە.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی سەربازانی ئەمه‌ریکا لە عێراق بە 5 هەزار و 500 سەرباز مەزەندە دەکرێت، کە لە 7  بنکەی سەربازی لە باشوور، رۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق جێگیرکراون. ئەوانیش لە هەریەک لە بنکەکانی سەربازی عەین ئەسەد و حەبانییە لە ئەنبار، بنکەی سەربازی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین، بنکەی سەربازی تاجی و بنکەی سەربازی ڤیکتۆر لە بەغدا، بنکەی سەربازی گەیارە لە موسڵ و کەیوان لەکەرکووک پێکدێن.

لە دوای کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە خاکی عێراق لەلایەن داعش لە ساڵی 2014، ئیدارەی ئەمه‌ریکا ژمارەیەک لە سەربازانی لەژێر ناوی رووبەڕووبوونەوەی داعش گەڕاندەوە عێراق، کە پێشتر بەپێی رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشتن هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق پاشه‌كشێيان كردبوو.

جگە لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق، حەشدی شەعبی، کە بە بەشێک لە هێزی سەربازی کاریگەر لەو وڵات هەژمار دەکرێت، چەندینجار راستەوخۆ هەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکایان کردووە، ئەگەر خاکی وڵات به‌جێنەهێڵن.