عادل عەبدولمەهدی: هەماهەنگیەکی بێوێنە لە نێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە هەیە

"ئەگەر ئەو ھاوكاری و ھەماھەنگییە نەبوایە بەسەر داعش سەر نەدەكەوتین"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی رۆڵی ھێزەكانی پێشمەرگە لە سەقامگیركردنی دۆخی ئەمنی كرد و رایگەیاند "ئێستا ھەماھەنگی بێ وێنە لەنێوان ھێزەكانی عێراق و پێشمەرگە ھەیە، ئەگەر ھەماھەنگی و ھاوكاری نێوان پێشمەرگە و ھێزەكانی دیكەی عێراق نەبوایە، بەسەر داعشدا سەرنەدەكەوتین".

عەبدولمەھدی گوتی: "ئەمڕۆ پێشمەرگە بەشێكی گرنگی حاڵەتی ئەمنییە و بەشێكی ھێزە سەربازییەكانە، وەك تێبینیتان كردووە، لە نمایشەكانیشدا یەكەی پێشمەرگە بەشداردەبن، چونكە بەشێكی گرنگن، لە راستیدا ئێستا ھەماھەنگی بێوێنە لەنێوان ھێزەكانی عێراق و پێشمەرگە ھەیە، ئەگەر ھەماھەنگی و ھاوكاری نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و حەشدی ھۆزەكان و ھەروەھا ھێزە سەربازییەكان و ھێزەكانی وڵاتانی دۆست و ھێزەكانی ھاوپەیمانان نەبوایە، بەسەر داعشدا سەرنەدەكەوتین، بۆیە سەركەوتن بەسەر داعش ھۆكارەكەی ئەو ھەماھەنگیەی نێوان ھەموو ئەو لایەنانە بوو".

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرەی رۆژنامەوانیەكە، عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ھیچ بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكا لە عێراقدا نییە، ئەوەی ھەیە سەربازانی ئەمەریكان، لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، كە ئەركیان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەشق و راھێنانە بە ھێزەكانی عێراق.

عەبدولمەھدی گوتیشی: "بەھچ شێوەیەك رێگەنادەین خاكی عێراق بۆ ھێرشكردنە سەر وڵاتێكی بەكاربھێنرێت".