قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی ئێران بۆ عێراق له هی توركیا بۆ ئه‌و وڵاته زیاتر بووه
K24- هه‌ولێر:
حه‌مید حوسێنی، ئه‌مینداری گشتی ژووری هاوبه‌شی بازرگانی ئێران - عێراق رایگه‌یاند، قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی ئێران بۆ عێراق له ساڵی رابردوودا گه‌یشتووه‌ته 8 ملیار و 750 ملیۆن دۆلار، به‌مه‌ش له هه‌نارده‌كردنی كاڵاكانی بۆ عێراق به‌پێش توركیا كه‌وتووه.
ئه‌م قسانه‌ی حوسێنی له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی "فارس نیوز" هاتوون و دووپاتیكرده‌وه، مانگانه قه‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی كاڵای ئێرانی ده‌گاته سه‌رووی 750 ملیۆن دۆلار، به‌شێوه‌یه‌ك جاربه‌جار ئه‌و رێژه‌یه ده‌گاته 900 ملیۆن و هه‌ندێ جاریش داده‌به‌زێت بۆ 510 ملیۆن دۆلار.
ئه‌مینداری گشتی ژووری هاوبه‌شی بازرگانی ئێران - عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له ساڵی 2017 قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی كاڵای توركی بۆ عێراق گه‌یشتبووه 8300 ملیۆن دۆلار، به‌ڵام له ساڵی رابردوو ئه‌و رێژه‌یه بۆ 7350 ملیۆن دۆلار دابه‌زی، له‌كاتێكدا قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی ئێران بۆ 8750 ملیۆن دۆلار به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی، به‌مه‌ش له قه‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی بۆ عێراق به‌پێش توركیا كه‌وت.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، دووشه‌ممه‌ی رابردوو سه‌رۆكی ژووری بازرگانی له تاران دۆخی ئابووری وڵاته‌كه‌ی به مه‌ترسیداره وه‌سف كردبوو رایگه‌یاندبوو، "زیاتر له نیوه‌ی گه‌وره كۆمپانیاكانی ئێرانی به‌هۆی قه‌یرانی ئابوورییه‌وه داخراون و به سه‌دان كرێكاریش بێكار ماونه‌ته‌وه.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، مه‌سعود خوانساری، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی له تاران ئاشكرایكردبوو، "له ساڵی رابردوو زیاتر له نیوه‌ی كۆمپانیا به‌ڵێنده‌ره‌كان له پیشه‌سازی نه‌وت ده‌رگاكانیان داخستووه و ئێستا له كۆی 1500 كۆمپانیا، ته‌نیا 700 كۆمپانیا له كاره‌كانیان چالاكن".
دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران راگه‌یاند و سزای نوێی ئابووری به‌سه‌ر تاران‌دا سه‌پاند، ئێران رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ئابووری بووه‌ته‌وه.
H.B