پرسی ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق گه‌رمتر ده‌بێت

هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵوێستی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت
kurdistan24.net

K24 - به‌غدا:

تا دێت پرسی دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق گەرمتر دەبێ، لەم بارەیەوە پەرپرسانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە کوردستان 24یان گوت، ھێزەکانیان لەسەر داوای حکوومەتی عێراق لە عێراقن و ناشیشارنەوە، کە پێیان خۆشە بەردەوام بن، ھاوکات بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی عێراقیش دەڵێ، بێ ھاوپەیمانانیش دەتوانن عێراق بپارێزن، ھەر وەک چۆن بێ ئەوان  له‌ دەستی داعش رزگاریان کردووە.

دوای تەواوبوونی پشووی پەرلەمانی عێراق، کە وادەکەی مانگی داھاتووە، بڕیار وایە یەکەم پرۆژە یاسایەک لە ھۆڵی پەرلەمانی عێراق گەنگەشە بکرێ، ئەو پرۆژەیە بێ، کە تایبەتە بە دیاریکردنی ماوەی کۆتاییھاتنی ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق.

جەنەراڵ کریستۆڤەر گیکا، جێگری فەرماندەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، گوتی: "ھێزەکانمان لەسەر داواکاریی حکوومەتی عیراق لێرەن، تا ئەو کاتەی عێراق بیەوێ، ھەماھەنگیمان بەردەوام دەبێ".

به‌ بڕوای چاودێرانیش، به‌م زووانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و پاشماوه‌كانی چه‌كدارانی داعش له‌ عێراق، كۆتاییان نایه‌ت.

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، کۆڵۆنێڵ شۆن رایان، گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ده‌ڵێت: "  ئێمه‌ لەسەر داخوازیی حکوومەتی عێراق لێرەین، مەشق و ھەماھەنگیی ھەواڵگری و چەک، پێشکەشی عێراق دەکەین، راستییەکەی پێمان خۆشە بمێنینەوە، پێشموایە بە مانەوەمان دەتوانین ھاوبەشێکی باش بین".

لە ئەگەری پاشەکشەی ئەمریکا، سەرەکیترین پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ تاچەند ھێزە عێراقییەکان ئامادەن بۆ گرتنەئەستۆی تەواوی بەرپرسیاریەتییەکان و پڕکردنەوەی بۆشاییەکان.

له‌و باره‌یه‌وه‌ كوردستان 24، ئه‌و پرسیاره‌ی له‌ به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق كرد، بۆ ئه‌مه‌ش لیوا ته‌حسین ئیبراھیم، بەرپرسی راگەیاندن و ھۆشیاریی وەزارەتی بەرگریی عێراق گوتی: "ئەم پرسیارەی تۆ زۆر گرنگە ، بڕوانە ئێمە چەندین جۆر ھێزمان ھەیە کە سەر بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و پێشمەرگەن، ھاوکات حەشد و ھێزی دژەتیرۆریشمان ھەیە".

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیشدا، گوتیشی: "کاتێک عێراقمان ڕزگار کرد، بەو ھێزانە رزگارمان کرد، نەک بەوانەی لە دەرەوە ھاتوون. راستە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش چەک و مەشق و ھاوکاریی لۆجستیان پێداوین، بەڵام لە ھەمان کاتدا دەتوانین بێ ئەوانیش ئەم وڵاتە بپارێزین، ھیچ کێشەیەکیش نابێ گەر مەشق و ھاوکاریيە لۆجستییەکان بەردەوام بن".

ئەو پرۆژە یاسایەی پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کراوە، تا ئێستا ئیمزای زیاتر لە سەد پەرلەمانتاری بۆ کۆکراوەتەوە، کە زۆرینەیان لە فراکسیۆنە شیعییەکانن، بەڵام وەک لە ئێستاوە دەگوترێ، رەنگە ئەستەم بێ پێشبینیی دەرەنجامەکان بکرێ، چونکە پێشتریش داوای لەم ۆجۆرە ھەبوون و کۆتاییەکەیان شکست بووە.

ئ. م