مەلویەکەی سامەڕا فەرامۆش دەكرێت

زیاتر لە ھەزار ساڵە دروستكراوە
kurdistan24.net

K24 - سامەڕا

سامەڕا بە یەکێک لەو شارانە دادەنرێت کە ژمارەیەکی زۆری شوێنەواری مێژوویی تێدایە، یەکێک لەوانە منارە و مزگەوتی مەلویەیە، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی عەباسییەکان دەگەڕێتەوە و نزیکەی 1200 ساڵە دروستکراوە. ئەگەرچی رۆژانە ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیاران سەردانی دەکەن و داهاتێکی باشیشی هەیە، بەڵام هاووڵاتیان دەڵێن فەرامۆشکراوە.

رۆژانە سەدان کەس لە زۆربەی ناوچەكانەوە سەردانی مەلویەکەی سامەڕایە دەکەن، سەرکەوتن بۆ سەر منارەکە و گرتنی وێنە و سەیرکردنی دیمەنی سامەڕا لە بەرزییەوە نەریتی هەر گەشتیارێکە لەوێ. شوێنەکە بە تەواوی فەرامۆشکراوە، هیچ باخچە و سەوزاییەکی تێدا بەدی ناکرێت، لە هەر گەشتیارێکیش بڕی سێ هەزار دینار وەردەگیرێت، رۆژانە داھاتەكەی زیاترە لە ملیۆنێك دینار.

مەلویەی سامەڕا، لە ساڵی 848 بۆ  851ی میلادی لە سەردەمی خەلیفەی عەباسییەکان متەوەکل عەلی ئەڵڵا کوڕی موعتەسم بیلا، لەسەر سەكۆیەكی چوارگۆشەی 33 مەتری دروستكراوە، بەرزی 52 مەتر لە شێوەی پێچاوپێچ و پێچەوانەی میلی کاتژمێر بۆ مەبەستی بانگدان دروستکراوە، شوێنی سەرکەوتنی بە پانی دوو مەترو 30 سانتیم  بەدەوریدا بۆ کراوە و بە 339 پەیژە دەگەیتە سەرەوە، لە تەنیشتی مزگەوتێکی گەورە هەیە کە ئەوکات گەورەترین مزگەوت بووە لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی کە جێگەی 80 هەزار نوێژخوێنی تێدا دەبێتەوە.

ھ.م